وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لەبارەی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەباوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.
وەزارەتەکە رایگەیاند؛ هاوبەشانی كارەبا ئاگادار دەكەینەوە لە ماوەی مانگێكدا لە رێكەوتی 2ـی 10 تاوەکو 2ـی 11، كۆمپانیای دانا غاز دەست بە پرۆسەی چاكسازیی لە كێڵگەی كۆرمۆر دەکات، بەمەش چەند كاتژمێرێک ماوەكانی كارەبا كەمدەبێتەوە، بە درێژایی پرۆسەی چاكسازییەكەی داناغاز.
ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هەماهەنگ دەبن بۆ ئەوەی پرۆسەكە كەمترین كاریگەریی لەسەر كاتژمێرەكانی كارەبا هەبێت لەناو پرۆژەی ڕووناکی.
دەشڵێت، ساڵانە پرۆسەی چاكسازیكردن لە كێڵگەی كۆڕمۆر لەم مانگەدا ساز دەدرێت لەبەر ئەوەی پلەكانی گەرما دێتە خوارەوە و كەمترین كاریگەریی لەسەر كاتەكانی بوونی كارەبا دەبێت.