قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەندی دهۆک کۆبووەوە

کوردستان 06:22 PM - 2026/10/01

قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال بە ئامادەبوونی هەڤاڵ دێوالی رەمەزان، لێپرسراویی مەڵبەندی ٤ی د‌هۆکی رێکخستنەکانی یەکێتی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەندی دهۆک کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنجششەمە (1/10/2026) بەڕێوەچوو، بە ئاماژەدان بە گرنگیی دەڤەری بادینان بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، روونیکردەوە گۆڕانکارییەکان لە رێکخستنەکان بۆ بەهێزکردنەوەی پێگەی یەکێتییە لەو سنوورەدا. پشتیوانی تەواوی خۆشی بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەند دەربڕی بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە سیاسەتی یەکێتی لە سنووری بادینان جێبەجێ بکەن و رێکخستنەکان ببووژێننەوە.

سەبارەت بە دۆخی یەکێتیش، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال ئاماژەی بەوەکرد یەکێتی بە سەرکردایەتی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، سیاسەتێکی روون و شەفافی هەیە و  لەگەڵ دەنگدەرەکانی راستگۆیە و پابەندە بە هەموو ئەو بەڵێنانەی لەکاتی هەڵبژاردن بە دەنگدەرانی داوە.

روونیشی کردەوە لەم قۆناغەدا یەکێتی لە هەموو کات بەهێزترە و لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکەدا بۆ پرسە گرنگەکان حیسابی تایبەت بۆ سیاسەت و هەڵوێستی یەکێتی دەکرێت. وتیشی لە دوای سەرۆک مام جەلالەوە هیچ کاتێک پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی یەکێتی وەک ئێستا بەهێز نەبووە و سەرۆکی یەکێتی بە بەردەوامی لەگەڵ ناوەندەکانی بڕیاری نێودەوڵەتی لە پەیوەندیدایە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو