نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان رەتیدەكاتەوە، واشنتۆن داوای لە وەفدی ئێرانی كردبێت نیویۆرك بەجێبهێڵێت، جەختیش دەكاتەوە، وەفدەكە بە سەرۆكایەتی عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوە، ئێوارەی دووشەممە بەپێی كاتێكی پێشوەختە دیاریكراو، رۆیشتوون.
نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە راگەیەندراوێكدا كە ئاژانسی "ئیرنا" گواستوویەتییەوە رایگەیاندووە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە 17ی ئەیلوول و پێش گەیشتنی وەفدەكە بۆ ئەمریكا بەمەبەستی بەشداریكردن لە كارەكانی خولی 81ەمینی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە كاتی رۆیشتنەكە ئاگادار كرابووەوە.
نوێنەرایەتییەكە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بەوە تۆمەتبار دەكات كە "هیچ دەستكەوتێكی بەدەستنەهێناوە" و پەنای بردووە بۆ بڵاوكردنەوەی "هەواڵی بێ بنەما و بێ بەها".
ئەمە لە كاتێكدایە كە ماڵپەڕی "ئەكسیۆس" لە زاری سەرچاوەیەكەوە باسی لەوەكردبوو، ماركۆ رویبۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا داوای لە وەفدی ئێران كردووە نیویۆرك بەجێبهێڵێت، بەڵام لە هەمان كاتدا ئاماژەی بەوەش كردبوو كە خۆی بڕیار وابوو عراقچی ئێوارەی دووشەممە بەرەو تاران بەڕێبكەوێت.