عەلی فالح زەیدی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق كۆتایهاتنی ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عیراق راگەیاند و سوپاسی ئەو وڵاتەنەشی كرد كە بەشداریان لە هاوپەیمانیەكەدا كردووە.
عەلی فالح زەیدی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق لەمیانی بەشداریكردنی لەو مەراسیمە فەرمییەی كە لە لایەن نووسینگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان لە بەغدادی پایتەخت بە بۆنەی ڕۆژی سەروەری و كۆتایی هاتنی ئەركی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش لە عیراق، بە ئامادەبوونی فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانان، و فەرماندەی لقە سەربازییە جیاوازەكان و پێكهاتە ئەمنییەكان رێكخرابوو وتارێكی پێشكەشكردو وتی ،كۆتایی هاتنی ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش رادەگەیەنن بۆ ئەوەی بیسەلمێنن كە هاوكاری نێوان هێزە دۆستەكان و گەلانی دۆست سەركەوتنی بەسەر یەكێك لە تاریكترین لاپەڕەكانی توندڕەوی و دڕندەیی لە مێژوودا بەدەستهێناوە.باسی لەوەشكرد،راپەڕینی گەلەكەیان شانبەشانی هێزە چەكدارەكانیان خاڵی دەستپێكی قۆناغێك بوو كە تیایدا هێزەكانیان سیستەمی فەرماندەیی خۆیان رێكخستەوە و توانیان سەرچاوە كۆبكەنەوە و هەوڵەكان یەكبخەن و دەست بەسەر دەستپێشخەرییەكەدا بگرن،وڵاتانی دۆستیش لەو رووبەڕووبوونەوەیە چارەنووسسازەدا دەستی هاوكارییان بۆ عیراق درێژكرد و هێزە چەكدارەكانیان سەركەوتووانە خۆیان رێكخستەوە و چەكداریان كردەوە. سەرۆك وەزیران عیراق، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی هەموو ئەو وڵاتانەدەكات كە بەشداریان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا كردووە، هەروەها بۆ سەركردە و ئەفسەر و ڕاهێنەر و ڕاوێژكارەكانی كە شانبەشانی هێزە ئەمنییەكانیان كاریان كردووە.
دەشڵێت،كۆتایی هاتنی ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە مانای كۆتایی هاتنی شەڕی ئێمە دژی تیرۆر نییە، بەڵكو گواستنەوەی عیراقە بۆ قۆناغێك كە تێیدا بەرپرسیارێتی تەواوی ئاسایش و سەقامگیری خۆی لە ئەستۆ بگرێت.بە وتەی زەیدی ،قۆناغێكی نوێ دەستیپێكردووە، كە تایبەتمەندە بە سەروەری عیراق، بەهێزی دامەزراوەكانی، ئامادەیی هێزەكانی، یەكێتی بڕیاردان و هاوبەشی هاوسەنگ لەگەڵ دۆستەكانی و هاوكاری ئەمنی وەك رێگایەكی كراوە دەمێنێتەوە لەگەڵ دۆستانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و كاریگەرتر و وردتر دەبێت.عەلی فالح زەیدی لە وتارەكەیدا باسی لەوەشكردووە،هاوكارییەكان بریتی دەبن لە بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا و تەكنیكە دیجیتاڵییەكان بۆ خزمەتكردنی ئەو ئامانجانەی كە پشتگیری لە ئاسایش و سەقامگیری دەكەن، جەختیش دەكاتەوە لەوەی،هیچ چەكێك لەدەرەوەی چەتری یاسا، و هیچ دەسەڵاتێك لەدەرەوەی دامودەزگاكانی دەوڵەت، بەپێی ئەوەی دەستور دیاری دەكات و سەركردایەتیان داوای كردووە نامێنێتەوە.