قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی کۆریای باشوور کۆبووەوە

کوردستان 08:33 PM - 2026/09/30

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە ئيوون گیۆ شيم، كونسوڵی گشتیی نوێی کۆریای باشوور و پێکەوە لەبارەی چەند بابەتێکی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەممە (30/9/2026) لە هەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی نوێی کۆریا کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا. ئامادەیی خۆشی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوکاری و هەماهەنگییەک بۆ کاری هاوبەش لەپێناو بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کۆریای باشوور و هەرێمی کوردستان.
جێگری سەرۆکوەزیران سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی کۆریای باشووری کرد کە لەرێگەی دەزگای هاوکاری نێودەوڵەتیی کۆریا (KOICA) پێشکەشی هەرێمی کوردستانی کراوە. داواشیکرد هاوکارییەکان تەنها بۆ شارە گەورەکان نەبێت و قەزا و ناحییەکانیش بگرێتەوە، بە تایبەتیش لە چوارچێوەی پرۆژەی گەشەپێدانی ناوچەییدا هاوکاری دەزگای پەرەپێدانی راپەڕین بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد کرا. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی داوایکرد حکومەتی کۆریا لە راهێنان و گواستنەوەی شارەزایی و ئەزموندا هاوکاری دەزگای هەب فاوندەیشن بکات.
جێگری سەرۆکوەزیران خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لە رێکخستنی فێستیڤاڵی کلتووریی کۆریا کە بڕیارە مانگی داهاتوو لە سلێمانی لەلایەن کونسوڵخانەی کۆریاوە بەڕێوەبچێت و ئامادەیی خۆی بۆ هەموو جۆرە هاوکاری و پشتیوانییەک دەربڕی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو