رۆژی پێنجشەممە، نزار ئامێدی، سەرۆك كۆماری عیراق لە رۆژی سەرەوەری عیراقدا پەیامێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی گەلی عیراق دەكەین، دووپاتی دەكەینەوە كە سەروەری عیراق و سەربەخۆیی بڕیاردانی نیشتمانی و یەكگرتوویی خاكەكەی و یەكپارچەیی دامەزراوەكانی بنەمای باڵان سازشیان لەسەر ناكرێت.
سەركۆ كۆمار دەشڵێت: سەروەری تەنها بە دەوڵەتێكی بەهێز دێتە دی، بە سەروەری یاسا تەواو دەبێت، هەروەها بەرپرسیارێتییە دەستوورییەكانی خۆی لە سەرانسەری خاكەكەیدا جێبەجێ دەكات. دەشڵێت: لەم ڕوانگەیەوە بڕیاری ئاشتی و شەڕ مافی تایبەتی دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەكانیەتی. جگە لەوەش، چارەسەركردنی پرسی چەك و كۆنترۆڵكردنی لەژێر سایەی دەوڵەتدا لە رێگەی بڕگەكانی دەستوور و یاسا پایەی بنەڕەتین لە پاراستنی سەروەری و پاراستنی سەقامگیری و چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەی سەرۆك كۆماردا هاتووە، لەم بۆنە نەتەوەییەدا بانگەوازی خۆمان بۆ هەموو هێزە سیاسی و نیشتمانییەكان دووپات دەكەینەوە كە بەرپرسیارێتی خۆیان لە پاراستنی یەكڕیزی بڕیاردانی عیراق یەكگرتوویی بە بەرژەوەندییە باڵاكانی دەوڵەت لە سەرووی هەموو شتێكەوە بێت بۆ بەهێزكردنی یەكگرتوویی نیشتمانی و عیراق لە ململانێكاندا.
هەروەها دەشڵێت: لەگەڵ كۆتاییهاتنی ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عیراق، دووپاتیدەكەینەوە ئەمە واتە گواستنەوە بۆ قۆناغێكی نوێ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا، كە لەسەر بنەمای سەروەری تەواو و هاوبەشی هاوسەنگ و بەرژەوەندی هاوبەش و دەستوەرنەدان لە كاروباری ناوخۆدا دامەزراوبێت. عیراق چاوی لە فراوانكردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و بازرگانی و كولتوورییەكانی لەگەڵ گەلانی جیهاندا.
لە كۆتایی راگەیەنداوەكەشدا هاتووە، لە ڕۆژی سەروەریدا، بە ڕێز و دڵسۆزیەوە یادی شەهیدانی عێراق لە هێزەكانی پێشمەرگە، پۆلیس، حەشدی شەعبی و هەموو ئەو كەسانەی كە لە بەرگریكردن لە خاك و گەلی عیراق لە دژی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش، گیانیان بەخت كرد. سڵاو لە هەموو ئەوانەی بەشداربوون لە پاراستنی نیشتمان و پاراستنی ئاسایش و یەكڕیزییەكەی.