هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتی ئەمریكا كە شەڕ دژی گرووپی تیرۆریسی داعش دەكات، ئەمڕۆ 30 ی ئەیلول دوای 12 ساڵ كۆتایی بە ئەركەكانی خۆی لە عیراق هێنا و بەغداد چووە ناو قۆناغێكی نوێوە.
لە ساڵی 2014دا هێزی بیانی لە عیراق و سوریا جێگیركران بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڕێكخراوە توندڕەوەی كە تاوانیان ئەنجامدەدا و دەستیان بەسەر رووبەرێكی فراوانی ئەو دوو وڵاتەدا گرتبوو .
سەرەڕای شكستی داعش لە عێراق لە ساڵی 2017 و لە سوریا لە ساڵی 2019، هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە جێگیری مانەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی شانە نوستووەكان .بەپێی ڕێككەوتنی نێوان بەغدا و واشنتۆن لە ساڵی 2024، هێزەكانی هاوپەیمانان دەستیان بە كشانەوەی وردە وردە لەو بنكانە كرد كە تێیدا جێگیر بوون لە عیراق، تا سەرەتای ئەمساڵ جێگیركردنیان تەنها لە هەرێمی كوردستاندا سنووردار بوو.
هاوپەیمانییەكە ئەمڕۆ 30 ی ئەیلولی 2026 كشانەوەی خۆی لە ناوچەكە تەواو دەكات، لە كاتێكدا دەسەڵاتدارانی عیراق توانای هێزە چەكدارەكانیان دووپاتدەكەنەوە بۆ ڕێگریكردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش ، هەروەها پەیوەندییەكانیان لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان دەگۆڕن بۆ هاوبەشی ئەمنی.
حكومەتی عەلی زەیدی كە ئەمساڵ بە رەزامەندی ئەمریكا دەستبەكاربووە و بەڵێنی قۆرخكردنی چەكی گرووپە چەكدارەكانی داوە و ، پێی وایە رۆیشتنی هاوپەیمانان پاساوێكی سەرەكی لادەبات كە ئەم گرووپانە پشتی پێدەبەستن بۆ هێشتنەوەی چەكەكانیان.
زەیدی رۆژی كۆتایی هاتنی ئەركی هاوپەیمانییەكەی ، بە ڕۆژی سەروەری عییراق ناساندووەو رایگەیاندووە،ئەم رۆژە دەبێتە بۆنەیەكی نیشتمانی كە تەواوبوونی رێگای سەروەری عیراق و چەسپاندنی بوونی دەوڵەت و دامەزراوەكانی پشتڕاست دەكاتەوە. لای خۆشییەوە سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق رایگەیاند،ئەمڕۆ دوایین وادەی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە دژی داعش و بارەگای سەرەكیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە سەنتەری پاڵپشتیی دیپلۆماسی لە بنكەی ڤیكتۆریا دادەخرێت و بڕیاریشە كۆنفرانسی سەروەری بە ئامادەبوونی فەرماندە باڵاكان لە بەغداد رێكبخرێت ، كۆنفرانسەكە تەرخان دەكرێت بۆ راگەیاندنی وەرگرتنی تەواوەتیی دۆسیەی ئەمنی لە سەرجەم ناوچەكانی عیراق لە لایەن هێزە سەربازی و ئەمنییە ناوخۆییەكانەوە، لە كاتێكدا بە بۆنەی جێبەجێكردنی ئەم وادەیەوە چوار رۆژ پشووی فەرمی لە سەرجەم دامەزراوە حكومییەكاندا بەردەوامیی هەیە.
داخستنی بنكە سەربازییەكانی هاوپەیمانان دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 10 ساڵ دێت بەسەر پێكهێنانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2014 بۆ شەڕی دژ بە داعش، بنكەی ڤیكتۆریا كە دەكەوێتە سنووری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد، وەك ناوەندی سەرەكیی ئۆپراسیۆنەكان و هەماهەنگیی فڕۆكەوانی كاری دەكرد و ئێستا سەرجەم بەشەكانی ڕادەستی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی سوپای عیراق كراوەتەوە.