دوای ئەوەی شەوی رابردوو رێبوار تەها جێگری پارێزگاری كەركوك راگەیاند، لیژنەیەك لە نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عیراق پێكهێنراوە بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوەكەی شارەدێ پردێ، كە بووە هۆی شەهیدبوونی دوو گەنجی كورد،
ئەمڕۆ لیژنەكە لەسەر داوای رێبوار تەها گەیشتنە كەركوك بۆ ئەوەی لە نزیكەوە سەردانی شوێنی ڕووداوەكە بكەن و گوێ لە كەسوكاری قوربانییان و شاهیدحاڵەكان بگرن و پێداچوونەوە بە بەڵگەكاندابكەن و دوای بەدواداچوونەكان، ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بە شەفافی بۆ ڕای گشتی بڵاوبكرێتەوە بۆ ڕایگشتی.
پێشتریش، نەشئەت شاهوێز جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك و سەرۆكی فراكسیۆنی (كەركوك هێز و ئیرادەمانە)، بە نووسراوێكی فەرمی داواكارییەكی بەپەلەی ئاڕاستەی سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق كرد، سەبارەت بە رووداو و پێكدادانە چەكدارییەكانی شارەدێی پردێ و داوای لە سەرۆكوەزیران كرد، لێكۆڵینەوە لە چۆنیەتی رووداوەكە بكات.
رۆژی یەكشەممەی رابردوو ، لە شارەدێی پردێ رووبەڕووبوونەوە لە نێوان چەكدارانی داعش و هێزەكانی سوپای عیراق روویدا و بەهۆیەوە مێرمنداڵێكی تەمەن 14 ساڵان بەناوی (موراد زانا)، كوژرا، لەگەڵ دۆزینەوەی تەرمی گەنجێكی تر بەناوی (محەمەد هێمن)، كە ئەوەش نیگەرانی لای دانیشتووانی ناوچەكە دروستكردووە.