پەروەردەی سلێمانی داوای پشكنینی مەرجەكانی سەلامەتی لە خوێندگەكان دەكات

کوردستان 10:27 AM - 2026/09/26

 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە نووسراوێكدا سەرجەم خوێندنگە حكومی‌و ناحكومییەكانی ناچاركردووە ڕاپۆرتی بەپەلە لەسەر مەرجەكانی سەلامەتیی باڵەخانەكانیان ئامادە بكەن.

ئەم بڕیارە بەپەلەیە دوای گیانلەدەستدانی كچە خوێندكارێكی 10 ساڵان دێت بەهۆی شكانی شووشەی دەرگای خوێندنگەیەكی ناحكومی، كە نیگەرانیی بەرفراوانی لەبارەی سەلامەتیی ژینگەی فێركردن دروستكردووە.

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لێپێچینەوە لە هەر كەمتەرخەمییەك لە بیناكاندا دەكرێت. پێشتر ژمارەیەك لە خوێندنگەكان بەهۆی كۆنی و داڕووخانی بەشێكیانەوە بێ مەرجی سەلامەتی مابوونەوە.

دەرچوونی ئەم فەرمانە لە كاتێكدایە كە هەفتەی ڕابردوو كچە خوێندكارێك بە ناوی یارا ئاریان، تەمەن 10 ساڵ، لە كاتی كۆتاییهاتنی دەوامی فەرمی لە خوێندنگەی ڕۆیاڵ كەنەدییانی ناحكوومی، خۆی كێشا بە دەرگایەكی شووشەدا و بەهۆی شكانی شووشەكە و خوێنبەربوونی توند لە نەخۆشخانە گیانی سپارد.

بەپێی پێوەرە ئەندازیارییەكان، پێویستە لە ناوەندەكانی خوێندندا شووشەی پارێزراو بەكاربهێنرێت كە لە كاتی شكاندا نەبێتە هۆی برینداریی مەترسیدار، هاوكات دانانی لەزگەی ئاگاداركەرەوە لە ئاستی بینینی منداڵاندا بە مەرجێكی بنەڕەتی دادەنرێت تاوەكو قوتابیان درك بە بوونی بەربەستە شووشەییە ڕوونەكان بكەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو