سبەینێ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە و دوو تەوەری گرنگ تاوتوێ دەکات

کوردستان 11:31 AM - 2026/09/22


سبەینێ چوارشەممە، 23ی ئەیلولی 2026، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و دوو تەوەری گرنگ تاوتوێ دەکرێن.

بە گوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، تەوەری یەکەم تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزیری کاروباری پێشمەرگە کە تایبەتە بە پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەت و هەنگاو و پلانەکانی قۆناغی داهاتوو.

هاوکات، خستنەڕووی هەوڵەکان بۆ یەکسانکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاکانیان لە دامەزراوەکانی بەرگریی حکومەتی فیدراڵی، لەگەڵ تەرخانکردنی پێداویستییە داراییەکان لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکاندا.

هەروەها لە تەوەری دووەمدا پێشنیاری بەکارکردنی یاسای فیدراڵیی کۆمپانیا گشتییەکانی ژمارە (22)ی ساڵی 1997ی هەموارکراو لە هەرێمی کوردستان، لەسەر پێشنیاری تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی دەخرێنەڕوو، ئەمەش لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی یەکخستنی تەشریعاتی بازرگانی و ئابووریی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو