دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا نیازی خۆی بۆ پێكهێنانی قۆڵێكی نوێی ستراتیژی بە ناوی هێزی زیرەكی دەستكرد و دەستنیشانكردنی راوێژكارێكی باڵای تایبەت بە ناوی قەیسەری زیرەكی دەستكرد ئاشكرا كرد، بە مەبەستی پاراستنی پێشەنگایەتیی ئەمریكا و بەرپەرچدانەوەی ڕكابەرییە تەكنەلۆژییەكانی چین.
دۆناڵد تڕەمپ لە پۆستێكدا لە ترووس سۆشیاڵ نوسیوێتی ، ئیدارەكەی بە هیچ شێوەیەك ڕێگری و كۆتوبەند لە بەردەم گەشەكردنی ئەم پیشەسازییە گەورەیە دروستناكات، بەڵكو پشتیوانی و چاودێریی پێشكەوتنەكانی دەكات، هاوكات سیستەمی دادوەری و مەدەنی بەكار دەهێنن بۆ بەرەنگاربونەوەی هەر لایەنێكی نەرێنی و خراپ بەكارهێنانێكی تەكنەلۆژیاكە.
سەرۆكی ئەمریكا راشیگەیاندووە، هێزی زیرەكی دەستكرد هاوشێوەی هێزی بۆشایی ئاسمان دەبێت كە لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتیدا دایمەزراند و سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێنا، بە وتەی ترەمپ ئامانج لە دامەزراندنی ئەم هێزە،كۆنترۆڵكردنی بوارە سەربازی، ئەمنی و ئابورییەكانی ئەم تەكنەلۆژیا پێشكەوتوە دەبێت.باسی لەوەشكرد، بەمزوانە كاندیدی پۆستی قەیسەری زیرەكی دەستكرد رادەگەیەنێت و بە شێوازێكی سەرنجڕاكێش وتی، تەنها ئەو كەسانەی كە خاوەنی ئاستی زیرەكی زۆر بەرزن دەتوانن داواكاری بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە هەستیارە پێشكەش بكەن.
تڕەمپ پێشبینیكرد كە شۆڕشی زیرەكی دەستكرد گەورەتر دەبێت لە سەرهەڵدانی ئینتەرنێت و شۆڕشە پیشەسازییەكانی رابردوو، بە جۆرێك دەتوانێت بە ڕێژەی نزیكەی 25% بەشداری لە كۆی بەرهەمی ناوخۆیی ئەمریكادا بكات جەختیشیكردەوە، ئەمریكا لەم بوارەدا لەپێش چین و سەرجەم وڵاتانی جیهانەوەیە و ڕێگە نادەن ئەو پێشەنگییە لەدەست بچێت.
ململانێی نێوان واشنتۆن و پەكین لەسەر تەكنەلۆژیای زیرەكی دەستكرد و چیپی ئەلیكترۆنی لە لوتكەدایە، لە كاتێكدا شارەزایانی سەربەخۆ هۆشداریدەدەن لە مەترسییە نەزانراوەكانی گەشەی بێ سنوری زیرەكی دەستكرد .