بۆ یەكەمجار لە ژاپۆن ژمارەی ئەو كەسانەی تەمەنیان 100 ساڵ یان زیاترە ، 100 هەزار كەسی تێپەڕاند، ئەمەش ژمارەیەكی پێوانەیی نوێیە لە وڵاتەكەدا كە بە تەمەن درێژی ناسراوە.
وەزارەتی تەندروستی و كار و خۆشگوزەرانی ژاپۆن راگەیاند، ژمارەی ئەو كەسانەی تەمەنیان سەروو 100 ساڵە گەیشتۆتە 107 هەزار و 677 كەس، كە بەراورد بە ساڵی رابردوو نزیكەی هەشت هەزار كەس زیادیكردووە.وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە ، 88% ی كەسانی بەساڵاچووی ژاپۆن كە 94 هەزار و 298 كەس دەگرێتەوە ژنن.
ژاپۆن بە بەردەوامی لە ریزبەندی یەكێك لە وڵاتەكانی جیهاندایە كە تەمەنی درێژخایەنی هەیە، بەپێی ئامارەكان، تێكڕای تەمەن لە ساڵی 2024دا 84 ساڵ بووە.
لە كاتێكدا لە ئەمریكا تێكڕای تەمەن 79 ساڵ بووە. زانایانی ژاپۆن هۆكاری تەمەن درێژی وڵاتەكەیان بۆ خۆراكی تەندروست و سیستمێكی پێشكەوتووی چاودێری تەندروستی گەڕاندووەتەوە. هەرچەندە ژاپۆن ناوبانگێكی زۆری هەیە بەسەعاتەكانی كاركردنی زۆر لە شارەكاندا.