ئاسایشی عیراق:2700 پەیجی سۆشیال میدیامان داخستووە

عیراق 02:22 PM - 2026/09/16

دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عیراق ،لەمساڵدا دوو هەزار و 700 پەیجی سۆشیال میدیایان داخستووە كە پەرە بە تیرۆر و ماددە هۆشبەرەكان و پارتی قەدەغەكراوی بەعس دەدەن و 750 هێرشی ئەلیكترۆنیشیان پووچەڵ كردووەتەوە.

ئەرشەد حەكیم وتەبێژی  دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی لە لێدوانێكدا رایگەیاند، یەكێك لەو فایلە سەرەكیانەی كە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی كاریان لەسەر دەكات،پرسی قسەی رق و كینەیە كە هەڕەشە لە ئاشتی مەدەنی دەكات و لە سۆشیال میدیا چالاكە، ئاماژەی بەوەشكرد،دەزگای ئاسایشی نیشتمانی كۆمەڵێك رێوشوێنی گرتۆتەبەر بۆ سنوورداركردنی ئەم قسانە و لە ماوەی نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا توانیویەتی چاودێری نزیكەی پێنج هەزار پەیج بكەن كە پەرە بە تیرۆر و ماددە هۆشبەرەكان دەدەن، هەروەها پەرە بە پارتی قەدەغەكراوی بەعس دەدەن.هەندێكیان خەریكی بانگەشەكردن و زەوتكردن و ساختەكاری ئەلیكترۆنی و دارایین،هەندێكیشیان پەرە بە قسەی رق و كینە و توندوتیژی دەدەن.

هەموو ئەمانە،هەڕەشە لە ئاشتی كۆمەڵایەتی دەكەن.بە وتەی ئەو وتەبێژە،ژمارەی ئەو پەیجانەی كە توانیویانە دایبخەن نزیكە لە دوو هەزار و 700 لاپەڕە كە لە سەرەتای ساڵەوە تا ئەم ساتە داخراون،راشیگەیاند، تیمەكانی هۆبەی دژە هێرشی ئەلیكترۆنی توانیویانە 750 هێرشی هاككردنی گەورە پووچەڵ بكەنەوە. ئەم هێرشانە سەرچاوەی جۆراوجۆری ناوخۆیی و دەرەكییان هەبووە و ئامانجیان هاككردنی سێرڤەر و ماڵپەڕە رەسمییەكانی حكومەت، دامەزراوە داراییەكان و بنكە گرنگەكانی ژێرخانی عیراق بووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو