لە عیراق دەركەوتنی ڕۆژنامەنوسی میسری مەها سەراجی بۆ ماوەی ساڵێك قەدەغەكرا

عیراق 10:46 AM - 2026/08/31

دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی عیراق، لە بڕیارێكی رەسمیدا دەركەوتنی ڕۆژنامەنوسی میسری مەها سەراجی بۆ ماوەی ساڵێك لە تەواوی دەزگا و كەناڵە میدیایییە ناوخۆیی و بیانییە كاراكانی عیراق قەدەغە كرد. 

ئەم بڕیارەی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان رۆژی  یەكشەممە دەرچوە و بەپێی ڕاگەیەندراوی دەستەكە، پشت بە دەسەڵاتە یاسایییەكانی فەرمانی یاسادانانی ژمارە 65ی ساڵی 2004 و ڕاپۆرتی بەشی چاودێری لە فەرمانگەی ڕێكخستنی پەخشی میدیایی دەبەستێت، بەهۆی سەرپێچیكردنی ئاشكرای بنەما و ڕێساكانی كاری رۆژنامەوانی لە عیراقدا.

هۆكاری سەرەكیی دەركردنی ئەم سزایە دەگەڕێتەوە بۆ چەند پۆست و بڵاوكراوەیەك كە لە رۆژی 21ی ئەم مانگە لە هەردو هەژماری كەسیی مەها سەراج لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی فەیسبوك و ئێكس  بڵاوكرابونەوە، بەپێی هەڵسەنگاندنی دەستەی راگەیاندن، ئەو بابەتانەی بڵاوكرابونەوە سوكایەتی، هاندان و ناوزڕاندنیان بەرامبەر بە دامەزراوەیەكی ئەمنیی عیراقی تێدابوە،
هاوكات پشتیان بە زانیاریی نادروست و چەواشەكاری بەستوە.دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان ئاماژەی بەوەكردووە، ئەم هەڵسوكەوتە مەها سەراج بە تەواوی پێچەوانەی رەفتاری میدیاییە، بە تایبەتی ماددەكانی پەیوەست بە ڕێگریكردن لە هاندان بۆ توندوتیژی و بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاست.

دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن هۆشداریی توندیشی داوەتە هەمو كەناڵە ئاسمانییەكان، ڕادیۆكان، ڕۆژنامەكان و ماڵپەڕە ئەلیكترۆنییەكان كە پێویستە پابەندی بڕیارەكە بن و لە میوانداریكردن یان كاركردن لەگەڵ ئەو ڕۆژنامەنوسەدا خۆیان بەدوربگرن و هاوكات تەئكیدیشی كردووەتەوە لەوەی،هەر دەزگایەكی ڕاگەیاندن سەرپێچی لەم فەرمانە بكات و میوانداریی مەها سەراج بكات، بەرپرسیارێتیی یاساییی تەواو لە ئەستۆ دەگرێت و رووبەڕووی سزای كارگێڕی و داراییی توند دەبێتەوە.

دەستەكە تەنیا بە قەدەغەكردنی دەركەوتنی مەها سەراج نەوەستاوە، بەڵكو ڕێكارە یاسایییەكانی دەستپێكردوە و دادگای كەتنی پەیوەندیدار بە كاروباری ڕاگەیاندن و لایەنە دادوەرییە باڵاكان ئاگاداركردووەتەوە تا ڕێوشوێنی پێویستی دادوەری بەرامبەر ئەو رۆژنامەنوسە بگیرێتەبەر.

ئەم هەنگاوەی دەستەكە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەكانیدایە بۆ ڕێكخستنی وتاری میدیایی، بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێك بۆ سەر دامەزراوە رەسمییەكانی دەوڵەت، سەپاندنی بنەماكانی ڕاستگۆیی و پیشەییبون لە كایەی رۆژنامەگەریی عیراقدا لەپێناو پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵایەتیدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو