ژمارەی قوربانیانی لافاوكەی هەفتەی رابردوو، تەنها لە نیپاڵ بۆ 903كەس بەرزبووەوە و تا ئێستاش چوار هەزار و 247 كەس بێسەروشوێنن.هاوكات لە چینیش 16 كەس بوونەتە قوربانی بەمەش كۆی گشتی ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی لافاوەكەوە گیانیان لەدەستدا گەیشتە 919 كەس .
ئەم ژمارانە چەند رۆژێك دوای ئەوە دێن كە لافاوێكی وێرانكەری سەهۆڵ و بەرد و قوڕ لە رۆژی چوارشەممەی رابردوودا بە شاخەكاندا هاتە خوارەوە و وێرانكارییەكی بەرفراوانی ژێرخانی ئابووری و ناوچە نیشتەجێبووەكانی لێكەوتەوە.
دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی كارەساتەكانی نیپاڵ رایگەیاند ،لانیكەم 933 كرێكار لەناو شەش پڕۆژەی كارەبای ئاودا گیریان خواردووە لە ئەنجامی لافاوەكەدا، ئەمەش هەوڵەكانی فریاگوزاری زیاتر ئاڵۆزتر كردووە.لە دیوەكەی تری سنوور، پەكین پشتڕاستی كردەوە كە 16كەس لە ناوچەی گیرۆنگ لە تبت گیانیان لە دەستداوە و 546 كەسی تریش بێسەروشوێنن.
دەسەڵاتدارانی چین ئاشكرایانكردووە، لەناو ئەو كەسانەی لە تبت بێسەروشوێنن، 261 هاووڵاتی بیانی لە 23 وڵاتدا هەن كە لە كاتی روودانی كارەساتەكەدا لە نزیك دەروازە سنوورییەكان بوون.
لای خۆیەوە رێكخراوی نێودەوڵەتیی خاچی سوور مەزەندەی كردووە كە زیاتر لە 90هەزار كەس راستەوخۆ كاریگەری ئەم كارەساتەیان لەسەر بووە، كە دەسەڵاتدارانی چین راستەوخۆ پەیوەستیان كردووە بە كاردانەوەكانی گۆڕانی كەشوهەوا كە بووە هۆی خێرابوونی توانەوەی سەهۆڵەكە و داڕمانی چاوەڕواننەكراو.
تیمەكانی فریاگوزاری لە هەردوو وڵات بەردەوامن لە پێشبڕكێی خۆیان بەرامبەر بە كات بۆ گەیشتن بە ناوچە دابڕاوەكان، لە كاتێكدا ترسی زیادبوونی زیاتری ژمارەی قوربانیەكان هەیە لە كاتێكدا هیواكان بۆ دۆزینەوەی رزگاربووان لە ژێر داروپەردوو و قوڕدا كاڵ دەبێتەوە..