دوای هێرشەكانی ئەمریكا بۆسەر دورگەی لارك و سەكۆمووشەكییەكانی ئێران كە دواجار ژمارەیەك كوژراو برینداری لێكەوتەوە، مەسعود پزیشكیان،سەرۆك كۆماری ئێران، لەكاتی گەشتی بۆ قیرغزستان لە نێو فڕۆكەخانەوە رایگەیاند، تاران هیچ كاتێك لە بەرامبەر هیچ هێرشێكدا كە دەكرێتە سەری بێدەنگ نابێت و وەڵام دەداتەوە.
هاوكات ئاماژەی بەوەشدا، پێكدادانە سەربازییەكانی دوو ڕۆژی ڕابردوو و بەئامانجكردنی بنكە ئەمریكییەكان، تەنها وەڵامێكی ڕاستەوخۆ بووە بۆ بۆردوومانكردنی دوورگەی لارك.
وتیشی، پەیامی وڵاتەكەی بۆ جیهان ڕوونە و بەدوای هەڵگیرساندنی شەڕەوە نین، بەڵام وەڵامی سوپای پاسداران بۆ سەر بنكەكانی ئوردن و ئیمارات وەك كردەوەیەكی بەرگری ئەنجامدراوە.
هەروەها تەئكیدی لەوەشكردەوە،ئێران بۆ پاراستنی سەروەریی خاكی خۆی، بە توندی ڕووبەڕووی هەر دەستدرێژیكارێك دەبێتەوە.
ئەم وتانەی پزیشكیان دوای ئەوەدێت،لە 30ـی ئابی 2026، سوپای ئەمریكا دوورگەی لاركی لە نزیك گەرووی هوورمز بۆردومان كرد، كە وەك پەرەسەندنێكی نوێ لە جەنگەكەدا بینرا، لە بەرامبەردا، سوپای پاسداران بە مووشەكی بالیستی هێرشی كردە سەر ئەو بنكە سەربازییانەی ئەمریكا كە لە خاكی ئوردن و ئیماراتدا جێگیركراون و ئەم پێكدادانە ڕاستەوخۆیانەش لە وشكانی و دەریاوە بەردەوامن و بوونەتە هۆی ئەوەی لە گەرووی هوورمز مینی دەریایی مەترسیی گەورە بۆ سەر تانكەرەكان دروست بكات و یەكەم كەشتیش گڕ بگرێت.