دەستەی پڕۆژەی هەژماری من نوێترین زانیارییەكانی دەربارەی پرۆسەی چاپكردن و دابەشكردنی كارتە بانكییەكانی تایبەت بە موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە و داوا لە فەرمانبەران دەكات ئاگاداری پەیامە كورتەكانی مۆبایلەكانیان بن.
بەپێی زانیارییە بڵاوكراوەكانی پڕۆژەكە، پرۆسەی دابەشكردنی كارتەكان گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی و رێكارەكان بە شێوەیەك بەڕێوەدەچن كە: ئێستا زیاتر لە 60 هەزار كارتی بانكی لە بانكە گشتییەكاندا ئامادەن و خاوەنەكانیان دەتوانن سەردانیان بكەن بۆ وەرگرتنەوەیان.ئاماژە بەوەشكراوە: لە ماوەی ئەم دوو رۆژەدا نزیكەی 30 هەزار كارتی تر رەوانەی بانكە گشتییەكان دەكرێن و ئامادەی وەرگرتنەوە دەبن.
پڕۆژەی هەژماری من تەئكیدیشی كردەوە: هانی تەواوی مووچەخۆران دەدەن كە بەردەوام ئاگاداری مۆبایلەكانیان بن، چونكە وەرگرتنەوەی كارتەكان راستەوخۆ لە رێگەی كورتەنامەوە بە فەرمانبەران رادەگەیەنرێت بۆ ئەوەی سەردانی بانكەكان بكەن.دەشڵێت،تەنها 50 هەزار كارت لە ژێر چاپكردندا ماونەتەوە، بڕیاریشە تا هەفتەی داهاتوو چاپكردنیان تەواو بێت و بۆ وەرگرتنەوە ئامادە ببن.