بازرگانی عیراق: بازاڕە ئۆنلاینەكانی تیكتۆك و ئینستاگرام رێكدەخرێنەوە

کوردستان 09:38 AM - 2026/08/30

وەزارەتی بازرگانیی عیراق رایدەگەیەنێت، هەموو ئەو بازاڕە ئۆنلاینانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا چالاكن، دەبێت ناسنامەی رەسمی  وەربگرن و دۆخی یاسایی خۆیان رێكبخەن.
محەممەد حەنوون وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عیراق راگەیاند، پلاتفۆرمی بازرگانیی ئەلیكترۆنی بۆ پێدانی ناسنامەی رەسمی  بە دووكانە ئۆنلاینەكان و رێكخستنەوەی ئەو چالاكییانەیە كە لە تیكتۆك، ئینستاگرام و فەیسبووكدا دەكرێن.

بەوتەی حەنوون، هەر بازاڕێكی ئەلیكترۆنی لەكاتی تۆماركردنی لەم پلاتفۆرمەدا، دەبێت بەڵگەنامەی یاسایی و زانیاریی ورد پێشكەش بكات تا خاوەنی چالاكییەكە بناسرێتەوە. محەممەد حەنوون  روونیشیكردەوە،تۆماركردنی رەسمی بۆ ئەوەیە ئەگەر هەر سەرپێچییەك كرا یان فێڵ لە هاووڵاتیان كرا، لایەنی یاسایی بەرپرسیار دیار بێت و ناسنامەی فرۆشیار لای دەوڵەت هەبێت.

تەئكیدیشی كردووەتەوە لەوەی نایانەوێت رێگری لە كارەكانی ئەو گەنجانە بكەن كە لەرێگەی سۆشیاڵ میدیاوە خاوەن پرۆژەی بچووكن، بەڵكو دەیانەوێت رایانكێشن بۆ ناو سیستەمە رەسمیەكە  تا لە ئاسانكارییە دارایی و حكومییەكان سوودمەند بن. 

پرۆسەی رێكخستنەوەی بازاڕە ئۆنلاینەكان لە كۆتایی ساڵی 2025ـەوە دەستیپێكردووە. حكومەتی عیراق دەیەوێت بەپێی سیستەمی رێكخستنی بازرگانیی ئەلیكترۆنیی ژمارە چواری ساڵی 2025 و بە هەماهەنگی لەگەڵ بانكی ناوەندی، كۆتایی بە بازرگانیی ناڕێكخراو و سپیكردنەوەی پارە لە ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بهێنێت و متمانە بۆ بازاڕی دیجیتاڵ بگێڕێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو