رۆژی چوارشەممە، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران گەیشتە عیراق لە رێگای فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد و لەو شوێنەی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس بەبۆردوومانی ئەمریكا كوژران، كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و رایگەیاند، من لێرەوە لە شوێنی كوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس سەردانەكەم دەست پێدەكەم، ئەم خاڵە هێمایەكی گرنگە لە مێژووی هاوبەشی نێوان هەردوولا.
سەرۆكی پەرلەمانی ئێران وتیشی: ئێران لە ناوچەكە بە بەهێزی دەمێنێتەوە و دووژمنەكانمان ناتوانن ئامانجەكانیان بەدیبهێنن. سەبارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ عیراق وتی: لەگەڵ بەغداد سیستمی هاوكاریی وڵاتان بەهێز دەكەین و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای عێراق كۆدەبمەوە. هەروەها راشیگەیاند، ئێران داوای هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە دەكات.
سەبارەت بە شەڕ و ئاڵۆزییەكانیان لەگەڵ ئەمریكا محەمەد باقر قالیباف وتی: پێویستە سەیری دۆخی ناوچەكە بكەن تاوەكو بزانن كێ سەركەوتن بەدەست دێنێت. هەمووان لەشەڕی 40 رۆژەی مانگی رەمەزان هێزی ئێرانیان بینی و تێیگەیشتن، ئێران یەكێكە لە هۆكارەكانی هێزی ئەم ناوچەیە، هاوكات سەرۆكی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند: ئێران و بەرەی بەرەنگاری لەناوچەكە سەركەوتنیان بەسەر ئەمریكا بەدەستهێناوە، ئەمریكا و هاوپەیمانەكانیشی بە بەرهەمەهێنانی داعش و پشتیوانیكردنیان تۆمەتبار كرد.