توركیا تۆمەتەكانی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلی رەتكردەوە كە ئەنكەرە خۆی ئامادە دەكات بۆ بڵاوەپێكردنی هێزەكانی بۆ بنكەیەكی ئاسمانی سوریا و بە بانگەشەیەكی بێ بنەما وەسفی كرد كە ئامانج لێی پاساودانەوەی هێرشەكانی ئیسرائیلە بۆ سەر سوریا.
بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەكانی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە،ئەو بانگەشە بێ بنەمایانەی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بڵاویكردووەتەوە ، ئامانج لێی شەرعیەتدانە بە هێرشە ئاسمانییە نایاساییەكانی كە سەروەری سوریا و یەكپارچەیی خاكی سوریا دەكەنە ئامانج.
وەڵامی توركیا دوای ئەوە دێت كە ناتانیاهۆ رایگەیاندبوو ، ئیسرائیل و سوریا گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتن لەسەر دۆخی ئەمنیی ئێستا و دیمەشقی تۆمەتبار كرد بەوەی كە خەریكە پێشێلی دەكات بە ڕێگەدان بەجێگیربوونی هێزەكانی توركیا لە بنكەی ئاسمانی ئەبو دهور لە باكووری سوریا.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئیسرائیل چەندین جار هۆشداریی داوەتە دیمەشق كە جێگیركردنی هێزەكانی توركیا لەو بنكەدا مەترسی لەسەر ئاسایشی وڵاتەكەی دروست دەكات..