ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم: چەندین تۆن كەرەستەی ئەتۆمیمان لە سوریا دۆزیوەتەوە

عیراق 11:01 AM - 2026/08/19

حكومەتی سوریا رایدەگەیەنێت،تیمێكی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەردانی شوێنێكیان لە وڵاتەكەدا كردووە، كە كەرەستە و مادەی ئەتۆمیی تێدا بووە و نموونەی پێویستیان لێ وەرگرتووە، ئاژانسەكەش دەڵێت، مێژووی ماددەكان بۆ سەردەمی رژێمی ئەسەد دەگەڕێتەوە.

ئەسعەد شیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا لەگەڵ رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە دیمەشق رایگەیاند، حكومەتی وڵاتەكەی لە 17ی تەممووزدا نامەیەكی ئاراستەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم كرد، تا لە بوونی مادەی ئەتۆمی لە شوێنێكی رانەگەیەندراو ئاگاداری بكاتەوە.شیبانی روونیكردەوە، تیمی ئاژانسەكە بەرەبەیانی رۆژی سێ‌ شەممە سەردانی شوێنەكەیان كردووە و نموونەی پێویستیان وەرگرتووە.

هاوكات بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، ئاژانسەكەی چەندین تۆن مادەی ئەتۆمیی لەو شوێنەدا دۆزیوەتەوە كە پێشتر رانەگەیەندرابوو و مێژووەكەی بۆ سەردەمی دەسەڵاتی ئەسەد دەگەڕێتەوە.

سوریا لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەسەد تۆمەتی ئەوەی دەدرایە پاڵ كە كار لەسەر پڕۆگرامی چەكی قەدەغەكراو دەكات. لە ساڵی 2007دا فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل ناوچەیەكیان لە پارێزگای دێرەزوور بۆردوومان كرد، كە گومانی ئەوەی لێدەكرا وێستگەیەكی ئەتۆمی بێت كە بە هاوكاریی كۆریای باكوور بونیات نرابوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو