سەرۆكی دامەزراوەی شەهیدانی عیراق ئاشكرای كرد، بەهۆی دەیان هەزار دۆسیەی ساختەوە زیاتر لە سێ ترلیۆن دینار بەهەدەر دراوە و چەندین تیرۆریست و ئەندامی حزبی بەعسیش ناویان لە تۆماری شەهیداندا هەیە.
عەبدولئیلا نائلی، سەرۆكی دامەزراوەی شەهیدانی عیراق رایگەیاند، 22 هەزار دۆسیەی ساختە لە دامەزراوەكەدا تۆمار كراون. بەو هۆیەوە سێ ترلیۆن و 300 ملیار دینار بەهەدەر دراوە، هەروەها 27 هەزار و 400 دۆسیەش راگیراون.
سەرۆكی دامەزراوەكە تەئكید دەكاتەوە، سیاسییەكان پەیامیان بۆ ناردووە بۆ ئەوەی لە ئاشكراكردنی دۆسیەكانی گەندەڵی پاشگەز ببێتەوە، بەڵام گرنگی بە پەیامەكان نەداوە و دەڵێت، وردبینی لە دۆسیەكان دەستی پێكردووە و تاوەكو ئێستا 40% وردبینییەكان تەواو بوون.
وەك عەبدولئیلا نائلی باسی لێوەدەكات، لێژنەی لێكۆڵینەوە لە ئەنبار ئاماژەی بە دەركردنی بڕوانامەی مردن بۆ نزیكەی 20 هەزار كەس كردووە بێ ئەوەی یەك تەرم بوونی هەبێت، هاوكات 14 هەزار و 200 كەسی دیكەش بڕوانامەی مردنیان بۆ دەرچووە بێ ئەوەی یەك تەرمیشیان هەبێت.
لەگەڵ ئەوەشدا 2305 تیرۆریست ناویان لە تۆماری دەستەی شەهیدان دایە، هەروەها 471 كەسی سەربە حزبی بەعس لە هەمان دەستەدا تۆمار كراون.