ڤۆلۆدیمیر زیلێنسكی، سەرۆكی ئۆكراینا دەڵێت، ئەگەر هاوبەشە ئەمریكییەكانمان 5٪ـی ئەو مووشەكانەمان پێ بفرۆشن كە لە كۆگاكانیاندا هەیانە. زستان تێدەپەڕێنین و ژیانی خەڵك رزگار دەكەین. ئەگەریش بتوانن 10٪ـمان پێ بفرۆشن، ئەوا سەرجەم مووشەكە بالیستییەكانی رووسیا لەناو دەبەین."
قسەكانی سەرۆكی ئۆكرانیا لە كاتێكدایە، لەمدواییانەدا رووسیا بە نزیكەیی هەفتەی جارێك شەپۆلێكی گەورەی هێرشی مووشەكی دەكاتە سەر كیێڤ، كە دەبێتەهۆی كوژرانی هاووڵاتییانی سڤیل و وێرانكردنی خانووەكان. لە یەكێك لە هێرشەكاندا، ئۆكراینا نەیتوانی رێگری لە هیچ یەكێك لەو 28 مووشەكە بالیستییە بكات كە ئاراستەی كرابوون.
زیلینسكی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوە كرد، ئەم ساڵ ئۆكراینا "دوو هێندە و نیو كەمتر مووشەكی بەرپەرچ دەرەوەی هەبووە بەراورد بە ساڵی 2025."
لەوكاتەوەی ئەمریكا و ئیسرائیل جەنگیان لەگەڵ ئێران دەستپێكردووە، پێدانی مووشەك بە ئۆكرانیا كەمبووەتەوە ئەوەش وایكردووە رێگریكردن لە مووشەكی بالیستی زۆر قورسترە بەراورد بە مووشەكی كروز یان درۆن، چونكە خێراتر دەڕۆن.
لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەوەی ئایا ئەمریكا وەڵامی داواكارییەكەی داوەتەوە، زیلینسكی گوتی: "بۆ ئەمڕۆ هێشتا چاوەڕێین. تەنیا 1٪ـم هەیە. بۆ گەیشتن لە 1٪ـەوە بۆ 5٪، چەند مانگێك و ملیۆنان پەیوەندیی تەلەفۆنیم لەبەردەستدایە. هەندێك شت دەكەم كە تەنانەت ناتوانم باسیان بكەم، بەو واتایە نایەت كە نایاساییە، بەڵام ناتوانم قسەی لەسەر بكەم.