ئەمریكا: هەناردەكردنی نەوت لە گەرووی هورمز بەرز بووەتەوە

عیراق 09:52 PM - 2026/08/11

وەزیری وزەی ئەمریكا ئاشكرای دەكات كە بەهۆی هەوڵە هاوبەشەكانی سوپای ئەمریكا و هاوپەیمانانی كەنداو، تێكڕای هەناردەكردنی نەوت لە رێگەی گەرووی هورمزەوە بۆ نزیكەی 9 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا بەرزبووەتەوە.
كریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریكا لە پەیامێكدا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس رایگەیاند، بەهۆی هەوڵە هەماهەنگی سوپای ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە كەنداو، تێكڕای گواستنەوەی نەوتی خاو لە رێگەی گەرووی هورمزەوە لە ماوەی حەوت رۆژی رابردوودا بەرزبووەتەوە بۆ نزیكەی 9 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا.
وەزیری وزەی ئەمریكا روونیكردەوە، كاتێك ئەم بڕە گواستراوەیە دەبەسترێتەوە بەو 5 تا حەوت ملیۆن بەرمیلەی تر كە رۆژانە لە رێگەی بۆریی نەوتی نوێ و دامەزراوە نوێیەكانی هەناردەكردنەوە دەچنە دەرەوە، تێكڕای لێشاوی گواستنەوەی نەوتی گشتی لە ناوچەكەدا بە تێكڕا دەگاتە نزیكەی 15 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا.
كریس رایت تەئكیدی لەوەش كردەوە، تەنیا لە رۆژی یەكشەممەی رابردوودا، زیاتر لە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ناوچەی كەنداو هەناردە كراون، كە ئەم بڕەش زۆر بەرزترە لە تێكڕای هەناردەی رۆژانەی ناوچەكە پێش دەستپێكردنی ململانێ و جەنگەكە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو