بڕیاری لەسێدارەدان بۆ بەشار ئەسەد دەركرا

عیراق 04:05 PM - 2026/08/11

دادگای تاوانەكان لە دیمەشق بڕیاری لەسێدارەدانی غیابی بۆ بەشار ئەسەد، سەرۆكی لادراوی سوریا و چەند لێپرسراوێكی باڵای رژێمی پێشووی وڵاتەكە دەركرد، ئەوەش دوای تاوانباركردنیان بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی لەو ململانێیەی كە لە ساڵی 2011ەوە وڵاتەكە بەخۆیەوە بینیویەتی.

دادگای تاوانەكان لە دیمەشق بەشار ئەسەدی بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی كوشتنی بەئەنقەست تاوانبار كردووە و سزای لەسێدارەدانی غیابی بەسەردا سەپاندووە. هەروەها بڕیارە دەرچووەكان تاوانباركردن و سزای لەسێدارەدانی ماهر ئەسەدی براشی دەگرێتەوە.

دادگای تاوانەكان لە دیمەشق بڕیاریداوە بە سزای لەسێدارەدان بۆ عاتف نەجیب، سەرۆكی پێشووی لقی ئاسایشی سیاسی لە دەرعا و ئامۆزای سەرۆكی لادراو. دادگا نەجیبی بە چەندین "تاوانی دژی مرۆڤایەتی" تاوانبار كردووە، لەوانە "كوشتنی بەئەنقەست"، "كوشتنی بەئەنقەستی منداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵ"، جگە لە "ئەشكەنجەدان كە بووەتە هۆی مردن". 

دادگای تاوانەكان لە دیمەشق فەرمانی دەستگیركردنی بۆ بەشار ئەسەد و تۆمەتبارانی تری هەڵاتوو دەركردووە.
لە كانوونی یەكەمی ساڵی 2024، بەهۆی هێرشێكی كتوپڕ و خێرای هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن (بە سەركردایەتی دەستەی تەحریری شام)، لە ماوەی چەند رۆژێكدا شارە گەورەكانی وەك حەلەب، حەمات، و حومس كۆنتڕۆڵكران  و هێزەكان گەیشتنە دیمەشقی پایتەخت، لەو نێوەندەدا بەشار ئەسەد سەرۆكی ئەوكاتی سوریا هەڵات و كۆتایی بە 54 ساڵ حوكمڕانیی بنەماڵەی ئەسەد لە سوریا هات. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو