دۆناڵد ترەمپ: ئێران داوای قەرەبوو دەكات، منیش داوای قەرەبوو دەكەم

عیراق 11:46 AM - 2026/08/11

دوای ئەوەی ئێران داوای قەرەبووی لە ئەمریكا كرد و دۆناڵد ترەمپیش داوای قەرەبوو لە ئێران دەكات.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیاڵ" پۆستێكی كردووە و تێیدا ئاماژەی بە داواكاری ئێران بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانەكانی پێنج مانگی رابردوو كردووە و رایگەیاندووە، هەرگیز لە هیچ كام لە دانووستان و كۆبوونەوەكاندا ئەم پرسە باس نەكراوە.

ترەمپ لە پۆستەكەیدا دەڵێت، ئێستا منیش بە هەمان شێوە داوای قەرەبوو لە ئێران دەكەم، بۆ هەموو ئەو كەسانەی كە كوشتوویانن و بە سەختی برینداریان كردوون. دەشڵێت، ئێران دەبێت قەرەبوو بدات بە خێزانی ئەو سەدان هەزار "خۆپیشاندەرە بێتاوانەی" كە لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا كوشتوونی، بێجگە لەو 52 هەزار كەسەی كە لە پێنج مانگی رابردوودا كوژراون. 

سەرۆكی ئەمریكا لە پۆستەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، رێنمایی داوەتە بە نوێنەرە دیپلۆماسییەكانی ئەمریكا، تاوەكو بڕگەی داواكردنی قەرەبوو، بە شێوەیەكی جدی بخەنە ناو هەموو گفتوگۆیەكی داهاتوو لەگەڵ لێپرسراوانی ئێراندا.

ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر ئێران داوای قەرەبووكردنەوەی زیانەكانی جەنگی چل رۆژەی لە ئەمریكا كردبوو و لەم دواییەشدا رایگەیاند دووبارە كردنەوەی گەرووی هورمز بەندە بە چەند مەرجێكەوە یەكێك لەوانە قەرەبووكردنەوەی ئێران لەبەرامبەر پێشێلكارییەكانی ئەمریكا لە یاداشتی لێكتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو