ئیمزا بۆ سڕكردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق كۆدەكرێتەوە

عیراق 02:47 PM - 2026/08/10

لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئیمزا بۆ سڕكردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كۆدەكرێتەوە، ئەوەش وەك یەكێك لە چارەسەرەكانی قەیرانی دارایی و زیاتر لە 60 پەرلەمانتاریش ئیمزایان  كردووە.

محەممەد شەمەری، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی (خزمەتگوزاری)  نوسراوێكی بۆ كۆكردنەوەی ئیمزا  بۆ  سڕكردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عیراق ئامادەكردووە  و 67 ئەندامی ئەنجومەنەكەش ئیمزایان كردووە.

لەو نووسراوەدا هۆكاری داواكارییەكە خراوەتەڕوو، لەوانە ئەنجامنەدانی ئەركی چاودێری و یاسادانانی ئەنجوومەنەكان،دروستبوونی بارگرانی دارایی بەهۆی مووچە و ئیمتیازاتەكانیانەوە،هەروەها داواش لە سەرۆكایەتیی  ئەنجومەنەكە كراوە كە كاری ئەنجوومەنی پارێزگاكان و تەرخانكراوە داراییەكانیان سڕبكرێت و لە پەرلەمان دەنگ لەسەر ئەو داواكارییە بدرێت.

ئەو هەوڵە بۆ سڕكردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان هاوكاتە لەگەڵ تێپەڕینی عیراق بە دۆخێكی ئابووریی سەختدا بەهۆی كەمبوونەوەی داهاتی بۆ زیاتر لە نیوە، ئەمەش بەهۆی كاریگەریی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیل كە لە 28ـی شوبات دەستی پێكرد.

پێشتر  ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە ساڵی 2019 ئەنجوومەنی پارێزگاكانی سڕكرد بەهۆی ئەو خۆپێشاندانانەی كە ئەو كاتە ئەنجامدران دژی گەندەڵی لە دامەزراوەكانی دەوڵەت و تا ساڵی 2023 پارێزگاكانی عیراق بێ ئەنجوومەن بوون.

ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان 285 كەسە لە 15 پارێزگا. بەرزترین مووچەی ئەندامانی ئەنجوومەن دوو ملیۆن و 600 هەزار دینارە، بەو پێیە تێكڕای پارەی مووچەی مانگانەی ئەندامانی ئەنجوومەن دەگاتە 741 ملیار دینار.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو