سێنتكۆم: ئاڕاستەی 51 كەشتیمان گۆڕیووە

عیراق 10:08 AM - 2026/08/08

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا (سێنتكۆم) رایگەیاند، لە دەستپێكردنەوەی گەمارۆ دەریاییەكان بۆ سەر ئێران لە 14ـی تەممووزی رابردووەوە، رێڕەوی 51 كەشتیی بازرگانییان گۆڕیووە.

رۆژی شەممە، سێنتكۆم لە پلاتفۆڕمی ئێكس بڵاویكردەوە، هێزەكانیان چالاكیی دوو كەشتییان پەكخستووە‌و چوونەتە سەر دوو كەشتیی دیكەش بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە پابەندبوونیان بە گەمارۆكانەوە.

بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیتەرزیش، گفتوگۆكانی نێوان عومان و ئێران سەبارەت بە دۆخی گەرووی هورمز بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیانەوە بینیوە و پێشبینی دەكرێت لە ئایندەیەكی نزیكدا بگەنە رێككەوتن.

لە راپۆرتەكەی رۆیتەرزدا هاتووە، ئەمریكا ئامادەیە گەمارۆی سەر بەندەرەكانی ئێران هەڵبگرێت، بەو مەرجەی رێككەوتنێك بكرێت كە دەستەبەری هاتووچۆی ئازادانەی كەشتییە بازرگانییەكان بكات.

هاوكات، ماڵپەڕی ئاكسیۆس بڵاویكردەوە، دانوستانكارانی ئێران چاوەڕێی رەزامەندی كۆتایی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەكەیان دەكەن لەسەر لێكگەیشتنێكی تایبەت بە گەشتی دەریایی لە گەرووی هورمزدا.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا تەئكید دەكاتەوە لەوەی دەبێت گەرووی هورمز ئازاد و كراوە بێت بۆ كەشتییە بازرگانییەكان، بەتایبەت لەو رێڕەوانەی دەكەونە نزیك كەناراوەكانی عومان. لە بەرامبەردا، تاران پێداگری دەكات لەسەر ئەوەی وەك وڵاتێكی كەناراو، دەبێت رۆڵی هەبێت لە رێكخستنی هاتووچۆی دەریایی لە گەرووەكەدا

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو