پزیشكیان: ستەم ناكەین و ڕێگەش نادەین كەس ستەممان لێ بكات

عیراق 09:48 AM - 2026/08/08

 مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند، هیچ كات نامانەوێ ستەم لە كەس بكەین، بەڵام ڕێگاش نادەین كەس ستەم لە ئێمە بكات. دەشڵێت: نابێت ئەمریكییەكان بێنە وڵاتەكەمان و سەرچاوەكانمان تاڵان بكەن، وەك چۆن ئێستا لە عیراق، نەوت دەفرۆشن بەڵام پارەی نەوتەكەشیان پێ نادەن.

مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران لە دووەمین ساڵیادی دەستبەكاربوونیدا وتارێكی پێشكەشكرد‌و  وتی: دەست لەكار ناكێشێتەوە‌و لەبەرامبەر هەموو كۆسپەكاندا بە بەهێزی دەوەستێت هەروەك ئەمریكا و ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار كرد كە هەوڵی كۆكردنەوەی وڵاتانی  كەنداو دەدەن لە دژی تاران.

وتیشی، نە زوڵم قبوڵ دەكەین و نە ملكەچی نادادپەروەری دەبین، بۆیە باشترە  ئەمریكا بە تەنیا جێمان بهێڵێت، ئێمەش بە تەنیا جێیان بهێڵین، باسی لەوەشكرد، هێرشەكانی تاران بۆسەر وڵاتانی ئیسلامی ناوچەكە، تەنها هێرش بووە بۆسەر بنكەكانی ئەمریكا.

هاوكات سەرۆك كۆماری ئێران پرسیاری لە سەرچاوەی ئەو هێرشانەی پێشووتر كرد كە وڵاتەكەی كردبووە ئامانج و وتی: ئەمریكا لە كوێوە هێرشی كردە سەر خوێندنگای  میناب؟ لە هەمان ئەو وڵاتە ئیسلامیانەی كە بەهاوڕێی خۆمانیان دەزانین.

باشە بۆچی ڕێگا دەدەن بێن و هێرشمان بكەنەسەر؟  پزیشكیان وتیشی: ئەمریكا هەر وڵاتێكی ئیسلامی ئەگەر گوێڕایەڵی نەبێت، هێرشی دەكاتەسەر. كێ وتویەتی دەبێت ببینە گوێڕایەڵی ئەوان، بۆچی؟ ئێمە هیچ كات نامانەوێ ستەم لەكەس بكەین، بەڵام ڕێگاش نادەین كەس ستەم لە ئێمە بكات. نابێت بە هەڕەشە‌و فشاری سیاسی‌و ئابووری بمانچەوسێننەوە.پزیشكیان لەدرێژەی قسەكانیدا وتیشی: نابێت ئەمریكییەكان  بێنە وڵاتەكەمان و سەرچاوەكانمان تاڵان بكەن، وەك چۆن ئێستا لە عیراق، نەوت دەفرۆشن بەڵام پارەی نەوتەكەشیان پێ نادەن. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو