دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت، ئێران داوای دانوستان دەكات، بەڵام نكۆڵی لێدەكات، هاوكات كۆشكی سپی هەواڵی تووڕەیی سەرۆكی ئەمریكای لە وەزیری جەنگ، بەهۆی كەمیی یەدەگی چەك و تەقەمەنی رەتكردەوەو تەئكیدیش دەكاتەوە، وڵاتەكەی بڕێكی زۆر لە تەقەمەنی هەیە.
دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی پلاتفۆرمی "ترووس سوشیاڵ"ـەوە نووسیویەتی "ئەمریكا خاوەنی بڕێكی زۆر لە تەقەمەنییە، بەتایبەت لە جۆرە دیاریكراوەكاندا، سەڕەرای ئەوەش، بڕێكی زۆر لەو كەرەستە سەربازییانە دروست دەكرێن و بە گوێرەی پێویست رەوانەی ئەمریكا دەكرێنەوە". هەروەها سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشكرد، كۆمپانیاكانی پیشەسازی سەربازی "زۆرترین ژمارەی كارگە و ناوەند لە مێژووی وڵاتەكەماندا دروست دەكەن".
پێشتر كۆشكی سپی راپۆرتێكی رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"ـی رەتكردبووەوە، كە باسی لەوە كردبوو ترەمپ لە وەزیری جەنگ (پیت هێگسێت) نیگەرانە بەهۆی كەمبوونەوەی چەك و تەقەمەنییەوە، ئەو زانیارییانەی بە "نادروست" پێناسە كردبوو.
واشنتۆن پۆست لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردبووەوە، ترەمپ داوای روونكردنەوەی لە هێگسێت كردووە سەبارەت بە كەمبوونەوەی یەدەگی تەقەمەنی، بەتایبەت مووشەكە دوور مەوداكان و سیستمەكانی بەرگریی ئاسمانی و كاریگەریی ئەم كێشەیە لەسەر بژاردە سەربازییەكانی ئەمریكا بەرامبەر بە ئێران.
رۆژنامەكە هۆكاری راگرتنی هێرشی ئەمریكای بۆ سەر ئێران بۆ نەبوونی مووشەكی بەرگریی دەگەڕێنێتەوە، بەڵام ترەمپ دووپاتیدەكاتەوە، ئێران داوای دانوستانی كردووە و بۆیە هێرشەكانی راگرتووە. سەرۆكی ئەمریكا لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، بێزاری خۆی لە لێدوانی لێپرسراوانی ئێران دەربڕی و وتی: ئێرانییەكان داوای دانوستان دەكەن، بەڵام دواتر نكۆڵێ دەكەن.