ئێران: هێرشی ئەمریكا بە هێرش بۆ سەر كەنداو وەڵام دەدەینەوە

عیراق 09:48 AM - 2026/08/06


 ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، حكوومەتی ئێران هۆشداریی داوەتە وڵاتانی كەنداو، هەر هێرشێكی نوێی ئەمریكا بۆ سەر خاكەكەی، لە ڕێی بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئەو وڵاتانە وەڵام دەدرێتەوە.
بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسەكە، ئێران وڵاتانی كەنداوی ئاگادار كردووەتەوە: هەر هێرشێك دەبێتە هۆی وەڵامدانەوەیەك كە ژێرخانی هەستیاری وزە لە سەرانسەری ناوچەكەدا دەكاتە ئامانج. سەرچاوەكان ئاماژەیان بەوەشكردووە، ئەم هۆشدارییە لە رێگەی زنجیرەیەك پەیوەندیی دیپلۆماسیی باڵاوە بووە، ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە 28ـی تەممووزدا هەڕەشەی لێدانی تۆڕی وزە و ژێرخانی ئێرانی كرد.
لە راپۆرتەكەشدا هاتووە: عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لە هاوپەیمانەكانی واشنتۆن لە كەنداو كردووە كاریگەریی خۆیان لەسەر ترەمپ بەكاربهێنن بۆ ئەوەی پاشگەزی بكەنەوە لە ئەنجامدانی هێرشی نوێ، و هۆشداریی داوە، هەر هێرشێك بۆ سەر ئێران، دەبێتە هۆی هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و دامەزراوەكانی وزە لە سەرانسەری كەنداو.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا تەئكیدی كردەوە، واشنتۆن لە گفتوگۆی باشدایە لەگەڵ تاران سەبارەت بە كردنەوەی گەرووی هورمز و كۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئەتۆمی، هاوكات هۆشدارییەكەی دووپات كردەوە بە وەشاندنی گورزێكی بێ پێشینە لە ئێران ئەگەر ئەو رێڕەوە ئاوییە بە داخراوی بمێنێتەوە.
ترەمپ لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی هەواڵی فۆكس نیوز رایگەیاند: گفتوگۆی زۆر باش ئەنجام دەدەین و گەرووی هورمز بەم زووانە دەكرێتەوە، ئەگەرنا ئێران رووبەڕووی لێدانێكی بەهێز دەبێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو