دكتۆر عەبدول حسێن موسەوی وەزیری تەندروستی عیراق ، دوای ئەنجامدانی سەردانێكی مەیدانیی كتوپڕ و شەوانە بۆ نەخۆشخانەی گشتی كەرخ لە بەغداد، بڕیاری دا بە دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە لە پۆستەكەی و ڕاسپاردنی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پشكنین بۆ بەڕێوەبردنی كارەكانی نەخۆشخانەكە بە شێوەیەكی كاتی.
ئەم بڕیارەی وەزیری تەندروستی عیراق دوای ئەوەهات ، وەزیرەكە بەشێوەیەكی لەناكاو سەردانی نەخۆشخانەكەی كردووە و لەكاتی سەردانە كتوپڕەكەیدا، بۆی دەركەوتووە كە لە كۆی 14 پزیشكی نیشتەجێی دێرین كە دەبوو ئامادە بن، تەنها یەك پزیشك لە دەوامدا بووە.
هەروەها لە سەردانەكەدا وەزیرەكە لە نزیكەوە گوێی لە سكاڵای هاووڵاتیان گرتووە و تێبینی دابەزینێكی توندی ئاستی خزمەتگوزارییە تەندروستی و چارەسەرییەكانی لە نەخۆشخانەكەدا كردووە، هەر بۆیە بڕیاریداوە بەرێوەبەری نەخۆشخانەكە لە كارەكەی دووربخاتەوەو بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پشكنینی وەزارەت بۆ ماوەی دوو هەفتە لە شوێنی بەڕێوەبەرە دوورخراوەكە دەستبەكار ببێت و لەم ماوەیەدا راپۆرت و پلانێكی گشتگیر و خێرا پێشكەش بكات بۆ چاككردنی دۆخی نالەباری نەخۆشخانەكە و دابینكردنی پێداویستییە پزیشكییەكان.
وەزیری تەندروستی تەئكیدیشی كردووەتەوە لەوەی ،پێویستە سەرجەم كارمەندانی پزیشكی و كارگێڕی پابەندی ئەركەكانیان بن بەرامبەر نەخۆشەكان، و رایگەیاندووە ڕێوشوێنی توندی كارگێڕی و یاسایی بەرامبەر هەر كەمتەرخەمییەك دەگیرێتەبەر