وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت،بە هیچ شێوەیەك بڕیار نییە دۆخی گەرووی هورمز بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش جەنگ،وەزارەتەكە تەئكیدیشدەكاتەوە لەوەی، لێكتێگەیشتنی ئێران و عومان بۆ كردنەوەی رێڕەوە نوێیەكە ،پەیوەندیی بە كردنەوە یان بەردەوامیی داخرانی گەرووی هورمزەوە نییە.
ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا،باسی لە دوایین دۆخی گەرووی هورمز و پێشكەوتنی دانوستاندنەكانی ئێران و عومانی بۆ بەڕێوەبردنی گەرووەكە كردو رایگەیاند،تا ئێستا دانوستاندنەكان بە باشی بەرەو پێشەوە چوون و لایەنی عومانی هاوكارییەكی باشی هەبووە.
بەوتەی بەقائی،بڕیارە لەسەر رێڕەوێك كە دابینكەری مافی سەروەریی هەردوو لا بێت، واتە نە رێڕەوی باكوور و نە رێڕەوی باشوور، بگەنە لێكتێگەیشتن.بەقایی وتیشی،گفتوگۆكانی ئێران و عومان دووقۆڵین و پەیوەندییان بە هیچ لایەنێكی ترەوە نییە، هەروەها لێكتێگەیشتنی نێوان دوو وڵات بۆ كردنەوەی رێڕەوی نوێ، بە واتای دەستبەجێ كردنەوەی گەرووی هورمز نییە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران روونیشیكردەوە،داخرانی گەرووەكە بەهۆی بەربەستەكانی ئەمریكا و گەمارۆی دەریایی سەر ئێرانەوە بووە.
بە وتەی بەقائی، دانوستاندنەكانی ئێران و عومان بۆ گەیشتن بە لێكتێگەیشتن لەسەر رێڕەوێكی دەریایی ئارام لە گەرووی هورمز، لەكۆنەوە دەستی پێكردووە و بابەتێكی نوێ نییە.
قسەكانی بەقائی لەبارەی گەرووی هورمز لە كاتێكدان، عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە كۆبوونەوەی حكومەتی وڵاتەكەی،باسی لە دانوستاندنەكانی ئەو دوو وڵاتە كرد و رایگەیاند، دانوستاندنەكان بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیەوە بینیوە و ئێستا لە قۆناغی كۆتاییدان.