حكومەتی ئیتاڵیا لە كاردانەوەی پەڕینەوەی لەناكاوی 60 هەزار كۆچبەر بۆ شاری سیوتای ئیسپانیا، كاركردنی بە سیستەمی شنگن لەگەڵ مەدرید ڕاگرت و لەگەڵ فینلاند، مەدریدیان بە شكستخواردوو لە پاراستنی سنوورەكان تۆمەتبار كرد.
حكومەتی ئیتاڵیا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، لە كاردانەوەی قەیرانی لەناكاوی كۆچبەران لە شاری سیوتا، بڕیاری داوە بە راگرتنی كاركردن بە سیستەمی گەشتی ئازادی شنگن لەگەڵ ئیسپانیادا.
ئەنتۆنیۆ تاجانی وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لە پەیامێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس، بەرگری لە بڕیاری وڵاتەكەی كرد بۆ راگرتنی كاتیی كاركردن بە رێككەوتننامەی شنگن لەگەڵ ئیسپانیادا. تاجانی لە پەیامەكەیدا نووسیویەتی: راگرتنی شنگن لەگەڵ ئیسپانیادا بژاردەیەكی پێویست و ناچارییە بۆ پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییانیان و بەرگری لە سنوورەكانی ئەوروپا. ئەم بڕیارە مەرجێكە كە لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەكاندا دابینكراوە و دۆخی ئەمڕۆ، جێبەجێكردنی پێویست كردووە.
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا سەرنجی خستە سەر ئەوەی كە قەیرانی كۆچبەرانی شاری سیوتا پیشانی دەدات، پاراستنی ئاسایشی سنوورەكانی یەكێتی ئەوروپا بەرپرسیارێتییەكی هاوبەش و هاوكارییە لە نێوان وڵاتاندا، و تەئكیدی كردەوە دەبێت پێكەوە كاربكەن بۆ رێگریكردن لە لێشاوی ناڕێكخراوی كۆچبەران و بەرەنگاربوونەوەی راستەوخۆ و بێ دوودڵی لە بەرامبەر هەر مەترسییەكی توندڕەوی و تیرۆریزمدا.
لای خۆشییەوە جۆرجیا مێلۆنی سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا، داوای دەركردنی مەدریدی كرد لە رێككەوتننامەی شنگن (كە 29 وڵات دەگرێتەوە). میلۆنی رایگەیاند: دیمەنەكانی سیوتا شۆككەرن و دەیسەلمێنن كە كۆچبەریی نایاسایی هەڕەشەیەكی راستەقینەیە بۆ سەر ئاسایشی سنوورەكانی ئەوروپا. ئیتاڵیا بێدەنگ نابێت و ئامادەیە بە بڕیاری ناوازە بەرگری لە سنوورەكان بكات، لەوانەش هەڵوەشاندنەوەی گەشتی شنگن لەگەڵ ئیسپانیادا.
ماری رانتانین وەزیری ناوخۆی فیلەنداش پشتگیری قسەكانی میلۆنی كرد و وتی: ئیسپانیا بە تەواوی شكستی هێناوە لە پاراستنی سنوورە دەرەكییەكانی شنگن و ئەو وڵاتانەی ئەركەكانیان جێبەجێ ناكەن نابێت لە شنگندا بمێننەوە.
ئیمانیۆل ماكرۆن، سەرۆك كۆماری فەرەنساش، لە پەیامێكدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردووەتەوە، پێگەی فەرەنسای بەرامبەر بە قەیرانی گەورەی كۆچبەران لە شاری سیوتا ڕاگەیاند و وتی،بۆ نیشاندانی هاوسۆزی و پێشكەشكردنی سەرجەم هاوكارییە پێویستەكان، لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا، لەوانەش پێشكەشكردنی هاوكاری لە ڕێگەی ئاژانسی پاراستنی سنوورەكانی ئەوروپا . ئەو پێشوازی لە هاوكاریی بەردەوامی نێوان مەدرید و مەغریب كرد كە تەنیا لەمڕۆدا توانیویەتی مەرجی گەڕانەوەی زیاتر لە 40 هەزار كۆچبەر لە سیوتاوە بەرەو خاكی مەغریب رێكبخات.
لە مێژووی یەكێتیی ئەوروپادا پڕۆسەیەكی لەم شێوەیە تۆمار نەكراوە، كاتێك تەنیا لە ماوەی دوو ڕۆژدا زیاتر لە 60 هەزار كۆچبەر كە دەكاتە نیوەی زیاتری دانیشتووانی شاری سیوتا (كە دانیشتووانەكەی 84 هەزار كەسە) بە مەلەكردن یان بەزاندنی دیواری تەلبەندی 10 مەتری لە كەناراوەكانی مەغریبەوە خۆیان گەیاندە ناو شارەكە.