پێدرۆ سانچێز، سەرۆكوەزیرانی ئیسپانیا رایدەگەیەنێت، سەرجەم ئەو كۆچبەرە مەغریبیانەی روویان لە شاری سیوتا كردووە، دیپۆرت دەكرێنەوە.
سەرۆكوەزیرانی ئیسپانیا لەبارەی پاراستنی ئاسایشی شاری سیوتاوە دڵنیایی دەداتە دانیشتووانی شارەكە كە حكومەتەكەی پشتیوانییان دەكاتو هەموو ئامرازەكانی بەردەستیان بەكاردەهێنن بۆ گەرەنتیكردنی ئاسایش و دیپۆرتكردنەوەی سەرجەم ئەو كۆچبەرانەی روویان لە شاری سیوتا كردووە، كە ناوچەیەكی ئۆتۆنۆمیی سەر بە ئیسپانیایە و لە وشكانییەوە بە خاكی مەغریبەوە لكاوە.
سانچێز لەبارەی هەماهەنگی لەگەڵ مەغریب تەئكیدی كردەوە، 47 هەزار كۆچبەر دیپۆرت كراونەتەوەو لەگەڵ حكومەتی مەغریب گفتوگۆیان كردووە و ئەو یاسایە كارا دەكەنەوە كە رێگە بە دیپۆرتكردنەوەی ئەو كۆچبەرانە دەدات كە بە ڕێگەی ئاوی هاتوونەتە ناو ئیسپانیاوە.
لەبارەی مەترسییەكانی قاچاخچێتییەوە سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا رایگەیاند، قاچاخچییەكان گەنجان فریو دەدەن و بەڵێنی گەیشتنیان بە خاكی ئەوروپا پێ دەدەن، بەڵام لە كۆتاییدا ڕووبەڕووی مەرگیان دەكەنەوە، هەروەها نیگەرانیی خۆیشی بەرامبەر بە گیانلەدەستدانی ئەو كۆچبەرانە دەربڕی كە لە ڕێگەی گەیشتن بە خاكی ئیسپانیا لە ئاوەكاندا خنكاون.
هاوكات شارەوانیی سیوتا لەبارەی ئاماری كۆچبەرانەوە رایگەیاندووە، تەنیا لە ماوەی دوو ڕۆژدا نزیكەی 60 هەزار كۆچبەر لە مەغریبەوە چوونەتە ناو سیوتاوە، ئەوەش دەكاتە نزیكەی 70%ی دانیشتووانی شارەكە و دەیان كۆچبەریش لە ڕێگەی گەیشتندا گیانیان لەدەست داوە. هاوكات حكومەتی ئیسپانیا ئاشكرایكرد، كە 47 هەزار كۆچبەر دیپۆرتی مەغریب كراونەتەوە.