رەشنووسی رێككەوتنی غەززە: سەرجەم ئەركەكان تەسلیمی "لیژنەیەكی نیشتمانی" دەكرێن

عیراق 12:17 PM - 2026/07/31

رەشنووسی رێككەوتنی ئاشتیی گشتگیر لە كەرتی غەززە، ژمارەیەك رێكاری سیاسی و ئەمنیی فراوان لەخۆ دەگرێت كە بڕیارە لە ماوەی 14 رۆژدا دوای رەزامەندیی لایەنەكان بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە؛ پلانی نوێ پێكهێنانی لیژنەیەكی نیشتمانیی سەربەخۆ بۆ بەڕێوەبردنی كەرتەكە و بڵاوەپێكردنی هێزێكی نێودەوڵەتی لەخۆ دەگرێت.

بە پێی بەندەكانی نێو رەشنووسی رێككەوتنی ئاشتیی گشتگیر لە كەرتی غەززە، قۆناغی یەكەمی رێككەوتنەكە بە راگرتنی تەواوەتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان و تەواوكردنی پابەندییەكانی ئاگربەست دەستپێدەكات، ئەوەش وەك سەرەتایەك بۆ چوونە ناو رێككەوتنی گشتگیرتر كە پەیوەستە بە بەڕێوەبردنی كەرتەكە، دۆخی ئەمنی و پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە.

لە رەشنووسەكەدا هاتووە، سەرجەم ئەركە مەدەنی و ئەمنییەكان لە غەززە تەسلیمی "لیژنەیەكی نیشتمانی" دەكرێن، كە ئەركی بەڕێوەبردنی قۆناغی گواستنەوەی لەسەرە. ئەم لیژنەیە بە سەربەخۆییەكی رەها كار دەكات و رێگری لە سەرجەم گروەپە فەڵەستینییەكان دەكرێت دەستوەردان لە بڕیارەكانی یان كارەكانی بكەن.

هەروەها ئەو لیژنەیە بەرپرسیار دەبێت لە دۆسیە داراییەكان و خزمەتگوزارییە گشتییەكان، لەوانەش بەڕێوەبردنی دامەزراوە حكوومییەكان، رێكخستنی خەرجییەكان و كارپێكردنی كەرتەكان، بە مەبەستی گەرەنتیكردنی بەردەوامیی خزمەتگوزارییەكان بۆ دانیشتووانی غەززە دوای ساڵانێك لە شەڕ و وێرانكاری.

لە رووی ئەمنییەوە، لە رەشنووسەكەدا باس لە بڵاوكردنەوەی "هێزێكی سەقامگیری نێودەوڵەتی" لە ناو كەرتی غەززەدا دەكرێت. ئەركی ئەم هێزە پاراستنی ئاسایشە لە قۆناخی گواستنەوەدا.

بەندەكانی رێككەوتنەكە هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەكدارەكانیش دەگرێتەوە، بە جۆرێك كە ئەندامەكانیان تێكەڵی دەزگا ئەمنییە نوێیەكان ناكرێن؛ ئەوەش بە ئامانجی بونیادنانی دامەزراوەیەكی ئەمنیی پیشەیی كە لەژێر دەسەڵاتێكی مەدەنیی یەكگرتوودا بێت و دوور بێت لە هەژموونی گرووپ و حزبەكان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو