سەرەڕای بەسەرچوونی رێككەوتنامەی دوولایەنەی نێوان بەغداد و ئەنكەرە و ئیمزانەكردنی رێكەوتنامەی نوێ لەكاتی سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ توركیا، سەرچاوە توركییەكان رایانگەیاند: هەناردەی نەوتی خاوی عیراق بۆ بەندەری جەیهانی توركی لە رێگەی بۆری كەركوك_جەیهانەوە بێ پچڕان بەردەوام دەبێت لەگەڵ بەڕێوەچوونی دانوستانەكان بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی كاتی.
سەرچاوەیەكی توركی بە رۆیتەرزی راگەیاند، هەناردەی نەوتی خاوی عیراق بۆ بەندەری جەیهانی توركی لە رێگەی بۆری كەركوك_جەیهانەوە بە بێ پچڕان بەردەوام دەبێت، سەرەڕای كۆتاییهاتنی ئەو رێككەوتنەی كە كاركردنی هێڵی بۆری نێوان هەردوو وڵاتی رێكدەخست، لە كاتێكدا دانوستانەكان بۆ درێژكردنەوەی بۆ ماوەی 12 مانگ بەردەوامن.
رۆژی دوو شەممە 27ی 7ی 2026، ماوەی كارپێكردنی رێككەوتنی دوولایەنە كۆتایی هات، كە بۆ چەندین دەیە كارپێكردنی هێڵی عیراق-توركیای رێكدەخست و لەكاتی سەردانەكەی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ توركیا و كۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆككۆماری توركیا كە لە چەند رۆژی رابردوودا بوو، بەغداد و ئەنكەرە رێككەوتنی درێژكردنەوەی رێككەوتنامەكەیان ئیمزا نەكردووە.
سەرچاوەیەك رایگەیاند: هێڵی بۆرییەكە (كە ئێستا تاكە رێگای هەناردەكردنی نەوتی بەغدادە) سەرەڕای كۆتایی هاتنی ماوەی رێككەوتنەكە، تا ئەو كاتەی هەردوو وڵات لە دانوستاندندان بۆئەوەی رێككەوتنێكی كاتی بكەن و هەناردەی نەوت رانەوەستێت، هێڵەكە بەردەوام دەبێت لە كاركردن، هەردوو وەزارەتی وزەی توركیا و نەوتی عیراق هیچ لێدوانێكی رەسمییان لەسەر دۆخی هێڵەكە دوای كۆتاییهاتنی رێككەوتنی پێشوو نەداوە.
پێشتر وەزیری وزەی توركیا، رایگەیاندبوو: هەردوو وڵات گەیشتوونەتە تێگەیشتنێك بۆ درێژكردنەوەی رێككەوتنەكە بۆ ماوەی ساڵێك و تەئكیدی لەوە كردبووەوە كە دانوستانەكان گەیشتوونەتە قۆناغی كۆتایی خۆیان.
پێشبینی دەكرێت درێژكردنەوە كاتییەكە كاتی زیاتر بە بەغداد و ئەنكەرە بدات بۆ دانوستان لەسەر رێككەوتنێكی بەرفراوانتر، كە تەنها سنووردار نەبێت بە بەردەوامبوونی كارپێكردنی هێڵی بۆرییەكە، بەڵكو زیادكردنی سوودوەرگرتن لە تواناكەی و بەستنەوەی بە كێڵگە نەوتییە نوێیەكانەوە لە خۆبگرێت.
توركیا هەوڵدەدات رێژەی كارپێكردنی هێڵی بۆرییەكە بەرزبكاتەوە، كە توانای دیزاینكردنی نزیكەی یەك ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلە لە رۆژێكدا و رەنگە درێژبكرێتەوە بۆ كێڵگە نەوتییەكانی باشووری عیراق
.
ئامارە توركییەكان دەریدەخەن كە هێڵەكە ئێستا تەنها نزیكەی 170 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا دەگوازێتەوە.