سعودیە ڕایگەیاند، وەزارەتی بەرگری سعوودیە میوانداری كۆبوونەوەیەكی نێودەوڵەتی كرد بۆ تاوتوێكردنی دەستپێشخەری دامەزراندنی هاوپەیمانییەكی فرەنەتەوەیی بەرگریی دەریایی لە گەرووی بابولمەندەب و دەریای سوور و كەنداوی عەدەن.
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە، ریاز بەنیازە خۆی سەركردایەتی هاوپەیمانێتیەكە بكات، بارەگا سەرەكییەكەشی لە وڵاتەكەی دەبێت، بە ئامانجی بەهێزكردنی ئاسایشی دەریایی و پاراستنی رێڕەوی كەشتیوانی نێودەوڵەتی و بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە دەریاییەكان، لە گەرووی باب لمەندەب و دەریای سوور و كەنداوی عەدەن.
بەشداربووان رێككەوتن لەسەر درێژەدان بە كاری پلاندانەرانی سەربازی، لەو وڵاتانەی كە دەیانەوێت لە قۆناغی داهاتوودا بچنە ناو هاوپەیمانییەكەوە، بۆ تەواوكردنی رێكارەكانی دامەزراندنی هاوپەیمانییەكە.
سعودیە دەڵێت، هاوپەیمانی بەرگری دەریایی فرەنەتەوە نمایندەی دەستپێشخەرییەكی بەرگری نێودەوڵەتیی كراوەیە كە هەموو ئەو وڵاتانە لەخۆ دەگرێت ئامانج و بنەماكانیان هاوبەشن، بە شێوەیەك ئاسایشی دەریایی بەكۆمەڵ بەهێزبكات، ئازادیی كەشتیوانی و بازرگانی جیهانی بپارێزێت و بنەمای هاوبەشی بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی بەرجەستە بكات لە بەرامبەرهەڕەشە هاوبەشەكان.