سەركردەیەكی بزووتنەوەی حەماس، دووپاتی كردەوە، رەزامەندیی بزووتنەوەكەیان بۆ رێككەوتنی ئاشتیی گشتگیر، دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە فەڵەستینییەكان هاتووە و ئامانجی سەرەكی پاراستنی گەلی فەڵەستینە. ئاماژەی بەوەش كرد، حەماس سازشی سیاسی پێشكەش كردووە؛ بەڵام دەستبەرداری پرۆژە نیشتمانییەكەی نابێت.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، غازی حەمەد، سەركردە لە بزووتنەوەی حەماس، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا ئاماژەی بەوە كرد، رەزامەندیی بزووتنەوەكە لەسەر رێككەوتنی ئاشتیی گشتگیر دوای زنجیرەیەك راوێژ لەگەڵ لایەنە جیاوازەكانی فەڵەستین هاتووە. ئامانج لەم هەنگاوە كۆتاییهێنانە بە جەنگ و رزگاركردنی فەڵەستینییەكان لەو بارودۆخە مرۆییە سەختەی كە تێیدا دەژین.
غازی حەمەد دووپاتی كردەوە، بزووتنەوەكە سازشی سیاسی بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە پێشكەش كردووە، بەڵام دەستبەرداری پرۆژە سیاسییەكەی نابێت.
ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو راوێژانەی حەماس لەگەڵ لایەنە فەڵەستینییەكان ئەنجامی داون، بە مەبەستی گەیشتن بووە بە هەڵوێستێكی نیشتمانیی یەكگرتوو كە پاڵپشتی لە رێككەوتنەكە بكات و دەرفەتەكانی سەركەوتنی زیاتر بكات. دووپاتی كردەوە، كە بڕیارەكە تاكڕەوانە نەبووە، بەڵكوو دوای گفتوگۆی چڕوپڕ لەگەڵ هێزە فەڵەستینییەكان دراوە.
غازی حەمەد وتیشی: "حەماس پێی باش بوو سازش بكات لەپێناو رزگاركردنی گەلی فەڵەستین." ئاماژەی بەوە كرد، رێككەوتنەكە چارەسەرێكە بۆ واقیعی ئێستا؛ بەڵام هەرگیز هەڵوێستە سیاسییە بنەڕەتییەكانی بزووتنەوەكە ناگۆڕێت.