ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: هەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانان خشتەی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2027 ئامادە بکەن

کوردستان 08:36 PM - 2026/07/29

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە، ئەنجومەنی وەزیران هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و پلاندانانی ڕاسپارد کە بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان، تێڕوانینی یەکگرتووی حکومەت و خشتەی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2027 ئامادە بکەن، بە مەبەستی چەسپاندنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم و لابردنی ئەو بەربەستانەی کە لە یاساکانی بودجەی ساڵانی ڕابردوودا بوونەتە هۆی سنووردارکردنی مافە داراییەکانی هەرێم. لەمبارەیەوە جەخت لە مافە دەستوورییەکانی هەرێم و لە نێویشیدا، دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێم بە شێوەیەکی یەکسان لەگەڵ هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق کرایەوە.
هەروەها، سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپێردرا، لە نزیکترین دەرفەتدا، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ساز بكات بە ئامادەبوونی وەزیر و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەرێم، بۆ یەکخستنی هەڵوێستەکان لە پێناو پاراستنی ماف و بەرژەوەندییە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو