دوای زنجیرەیەك بۆردومانی هاوبەشی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا و سعودیە بۆ سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی لەچەند پارێزگایەكی عیراق، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان لەتوركیا گەڕایەوەو بانگێشتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی دەكات.
عەلی زەیدی سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق، دوای كۆتاییهاتنی گەشتەكەی بۆ توركیا گەڕایەوە و داوای كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی كردووە. بڕیارە لەو كۆبوونەوەیەدا وردەكاریی هێرشە ئاسمانییەكانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ و كاریگەرییە ئەمنییەكانیان لەسەر سەروەریی عێراق و پەیوەندییە هەرێمییەكان تاوتوێ بكرێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكاو سعودیە زنجیرەیەك هێرشی چڕیان كردە سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی لەپارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عیراق. ئەم ئۆپراسیۆنە سەربازییە وەك وەڵامێكی هاوبەش بووە بۆ ئەو هێرشە درۆنییانەی لە رۆژانی رابردوودا كرابوونە سەر بەرژەوەندییەكانی واشنتۆن و ژێرخانی وزەی وڵاتی سعودیە.
ئەم ئاڵۆزییە ئەمنییە گەورەیە دوای ئەوەدێت كە سعودیە گرووپە چەكدارە عیراقییەكانی تۆمەتباركرد بەلێدانی كێڵگە نەوتییەكانی وڵاتەكەی لە ڕێگەی درۆنەوە. ئەم هێرشە ئاسمانییانەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ وەك وەڵامێكی ڕاستەوخۆی ریاز و واشنتۆن هەژمار دەكرێن، ئێستاش هێزە ئەمنییەكان لەو ناوچانە خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوەو لێكۆڵینەوە لەقەبارەی تەواوی زیانەكان بەردەوامە.