دیوانی چاودێریی دارایی عیراق پەردە لەسەر قەبارەی ئەو پارانە لادەدات كە لای كۆمپانیا و دامەزراوەكان وەك قەرز ماونەتەوە و ئاماژە بەوە دەكات، هەزاران ڕاپۆرتیان لەسەر كەیسەكانی گەندەڵی و بەهەدەردانی پارە رەوانەی دادگا كردووە.
عەمار سوبحی مەشهەدان، سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی عیراق رایگەیاند، قەبارەی كاریگەریی دارایی ئەو قەرزە كەڵەكەبووانەی لە ئەستۆی كەس، كۆمپانیا و دامەزراوەكاندایە، گەیشتووەتە نزیكەی 14 ترلیۆن دیناری عیراقی. ئاشكراشیكرد، لە كاتی گفتوگۆكانیان لەگەڵ ئەنجوومەنی نوێنەران، دۆسیەیەكی هەستیاریان لە كەرتی كارەبا دەستنیشان كردووە. بەپێی راپۆرتەكانی دیوان، تەنیا لەم كەرتەدا بڕی نزیكەی دوو ترییۆن دیناری عیراقی بەهەدەردراوە، كە ئەمەش زیانێكی گەورەی بە دارایی گشتی گەیاندووە.سەبارەت بە ڕێكارە یاساییەكان دژی گەندەڵكاران، مەشهەدانی روونیكردەوە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، دیوانی چاودێریی دارایی نزیكەی دوو هەزار راپۆرتی چاودێریی رەوانەی دەستەی دەستپاكی، داواكاری گشتی و دادگا تایبەتمەندەكان كردووە. ئاماژەی بەوەش كرد ئەم راپۆرتانە رێڕەوی یاسایی خۆیان وەرگرتووە و بۆ بەشێكیان بڕیاری كۆتایی دادگا دەرچووە.
ئەمەش لە كاتێكدایە،دیوانی چاودێریی دارایی ئامارێكی وردی لەسەر قەبارەی كارەكانی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەكرد،كۆی گشتی ئەو راپۆرتانەی تەنیا لە ماوەی یەك ساڵدا ئامادەكراون گەیشتووەتە حەوت هەزار و 950 ڕاپۆرت. ئەم ڕاپۆرتانە نزیكەی 70 هەزار لاپەڕە لەخۆدەگرن و تێیاندا نزیكەی 200 هەزار تێبینی و سەرپێچی لەسەر دامەزراوە جیاوازەكانی دەوڵەت تۆماركراون و ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كراون بۆ چاكسازی.