دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، وڵاتەكەی هێشتا لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ ئەنجامدانی هێرشێكی بەرفراوان بۆ سەر ئێران، ئەگەر تاران داواكارییەكانی واشنتۆن جێبەجێ نەكات.
ترەمپ لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی ئێڵ جی ئای فەڕەنسی ئاماژەی بەوە كرد: راگرتنی كاتیی هێرشەكان بەو واتایە نییە، ئێمە پاشەكشەمان كردووە. وتیشی: ئێمە هێشتا ئامادەین بۆ وەشاندنی گورزێكی گەورە و بەرفراوان ئەگەر ئێران ئەوەی دەمانەوێت ئەنجامی نەدات.
قسەكانی ترەمپ دوای ئەوە دێت، لە شەوی شەممە بۆ یەكەمجار لە دوای دوو هەفتە لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەكان، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا هیچ هێرشێكیان بۆ سەر خاك و بەرژەوەندییەكانی ئێران ئەنجام نەدا. واشنتۆن تا ئێستا هیچ روونكردنەوەیەكی رەسمی سەبارەت بە هۆكاری وەستانی لەناكاوی ئەو هێرشانە نەداوە كە بۆ ماوەی 13 شەوی لەسەریەك بەردەوام بوون.
لە چەند رۆژی رابردوودا، سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشەی فراوانكردنی لیستی ئامانجەكانی كردبوو، بە جۆرێك وێستگەكانی كارەبا و پردەكان بگرێتەوە. هەروەها باسی لە ئەگەری ناردنی هێزی زەمینی كردبوو بۆ كۆنترۆڵكردنی دوورگەی خارك كە چەقی هەناردەكردنی نەوتی ئێرانە، جگە لە هەڕەشەی بۆردومانكردنی بنكەیەكی ئەتۆمی ژێرزەمینیی ستراتیژی كە بە كێوی تەوەر ناسراوە.
سەرەڕای ئەو هەڕەشانە، ترەمپ رۆژی هەینی رایگەیاندبوو، هێشتا بڕیاری كۆتایی لەسەر دەستپێكردنەوەی هێرشە گەورە و نوێیەكان نەداوە.