وەزارەتی كار:دەبێت كۆمپانیاكان پارەی خەرجی چارەسەری كرێكارەكانیان بدەن

کوردستان 03:19 PM - 2026/07/19

 وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بڕیارێكی نوێی بۆ پاراستنی مافی كرێكاران دەركرد و كۆمپانیاكانی پابەند كرد كە بەرپرسیاریەتی تەواوی ڕووداوەكانی كار لە ئەستۆ بگرن.

وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم لە نووسراوێكدا كە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی دەستەبەری كۆمەڵایەتیی كرێكارانی كردووە، بڕیاریدا هەر كرێكارێك لە كاتی كاركردندا تووشی زیانی گیانی بێت، ئەو كۆمپانیایەی كاری لێدەكات خەرجی تەواوی چارەسەری لە ئەستۆ بگرێت.

بەپێی بڕیارەكە، پێویستە كارگێڕیی كۆمپانیاكان لە كاتی برینداربوون، گیانلەدەستدان و رووداوەكانی كار بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و  هاوكاری خێزانی ئەو كرێكارانە بكەن كە گیانلەدەست دەدەن و تێچووی چارەسەری بریندارەكانیش تا كاتی چاكبوونەوەی تەواو و دەرچوونیان لە نەخۆشخانە دابین بكەن.وەزارەتی كار لە ڕێنماییەكانیدا داوا لە كۆمپانیاكان دەكات لە كاتی روودانی هەر رووداوێكی كاردا، لە ماوەی 24 سەعاتدا بەڕێوەبەرایەتییەكانی كار و دەستەبەریی كۆمەڵایەتیی كرێكاران ئاگادار بكەنەوە.

ئەم هەنگاوە بۆ ئەوەیە كە دامەزراوە پەیوەندیدارەكان ئاگاداری دۆخی كرێكارەكە بن و ڕێكارە یاساییەكان بۆ پاراستنی مافەكانی جێبەجێ بكرێت.
ساڵانە لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەك كرێكار لە كاتی كاركردندا گیان لەدەست دەدەن یان كەمئەندام دەبن.

سەندیكاكانی كرێكاران بەشێكی زۆر لە هۆكاری ئەم ڕووداوانە بۆ نەبوونی مەرجەكانی سەلامەتی و ئامرازەكانی خۆپارێزی لە شوێنی كار دەگەڕێننەوە، ئەم بڕیارە نوێیەش وەك فشارێك بۆ سەر كۆمپانیاكان دەبینرێت تا زیاتر گرنگی بە ژیانی كرێكاران بدەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو