هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ 80 هەزار بەرمیل كەمبووەتەوە

کوردستان 01:25 PM - 2026/07/19

 ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان 50 هەزار بەرمیل كەمی كردووە، ئەوەش كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بڕی هەناردەكردن بۆ بەندەری جەیهان دروست كردووە.

سەرچاوەیەك لە كۆمپانیای نەوتی باكوور ڕایگەیاند، بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان كە پێشتر گەیشتبووە 180 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، بۆ 130 هەزار بەرمیل كەمبووەتەوە. بەپێی داتاكانی ڕۆژی 18ی تەممووز، لەو بڕە تەنها 80 هەزار بەرمیل لە ڕێگەی هێڵی بۆریی هەرێمەوە بۆ بەندەری جەیهان هەناردە كراوە و 50 هەزار بەرمیلەكەی دیكە بۆ پێداویستیی ناوخۆ و سووتەمەنی گلدراوەتەوە.

ئامارەكانی كۆمپانیای نەوتی باكوور ئاشكرای دەكەن كە بەرهەمهێنانی نەوتی كەركووك زیادی كردووە و گەیشتووەتە 326 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە. لەو بڕە تەنها 60 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە ڕێگەی هێڵی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە ڕەوانەی بەندەری جەیهان دەكرێت، ئەوەی دیكەی بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی و پاڵاوتن تەرخان دەكرێت.

ڕۆژانە بڕی 90 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی كەركووك دەدرێتە كۆمپانیای كار بۆ بەرهەمهێنانی سووتەمەنییەكانی وەك بەنزین، گازوایل و نەوتی سپی. هاوكات بڕی 38 هەزار بەرمیل نەوتی خاویش دەدرێت بە كۆمپانیای قەیوان بۆ هەمان مەبەست، تاوەكو پێداویستییەكانی بازاڕی ناوخۆ بە سووتەمەنی دابین بكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو