حكومەتی عیراق لەمیانی سەردانەكەی بۆ واشنتن، دەرگای بۆ وەبەرهێنانی ملیۆنیی كۆمپانیا ئەمریكییەكان كردەوە و لە كەرتە جیاوازەكاندا 48 یاداشت و رێككەوتنی ستراتیژیی ئیمزا كرد.
لەو بارەیەوە مەزهەر محەممەد ساڵح راوێژكاری دارایی و ئابووری سەرۆكوەزیرانی عیراق ئاشكرای كرد، بە سەرپەرشتی عەلی فالح زەیدی، 48 رێككەوتن و یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن و رێككەوتنی هاوكاری ئابووری لە نێوان عیراق و كەرتە جیاوازەكانی ئەمریكا ئیمزا كراون، كە بوارەكانی نەوت، پیشەسازی، تەكنەلۆجیا و دارایی دەگرنەوە.
بە وتەی راوێژكارەكەی عەلی زەیدی، قەبارەی دارایی ئەو رێككەوتن و یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنە دەگاتە 60 ملیار دۆلار، ئەم بڕە پارەیە وەك وەبەرهێنان لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی عیراقدا خەرج دەكرێت، كە ئامانج لێی پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و بەهێزكردنی كەرتی تایبەتە لە وڵاتدا.
ڕێككەوتنو یاداشتەكانی لێكتێگەیشتن لە كەرتی وزەدا لەگەڵ چەندین كۆمپانیای گەورەی ئەمریكیدا ئیمزا كراون، هاوكات لە كەرتی تەكنەلۆجیا و گەیاندندا، رێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیای ستارلینك بۆ خزمەتگوزاری ئینتەرنێت و كۆمپانیای كی سایت تەكنەلۆجی بۆ كەرتی تایبەت ئەنجامدراوە.
لە بواری وزەدا، یەكێك لە پڕۆژە هەرە گرنگەكان دروستكردنی هێڵی بۆری نەوتە بۆ بەندەری بانیاسی سوریا لەسەر دەریای ناوەڕاست، ئەم پڕۆژەیە بە سەرپەرشتی دوو كۆمپانیای ئەمریكی و كۆمپانیایەكی قەتەڕی جێبەجێ دەكرێت، كە دەبێتە رێڕەوێكی نوێی هەناردەكردنی نەوتی عیراق بۆ بازاڕە جیهانییەكان.
جگە لە كەرتی وزە، حكومەتی عیراق لەگەڵ كۆمپانیای پێپسی و چەند كۆمپانیایەكی تری بواری خواردەمەنی رێككەوتنی ئیمزا كردووە، هەروەها ئەم یاداشتنامانە كەرتی تەندروستی و پەروەردەش دەگرنەوە، بەتایبەت لە بوارەكانی دابینكردن و بەرهەمهێنانی دەرمان و پەرەپێدانی پرۆگرامەكانی خوێندن.