لە وێستگەی دووەمی سەردانەکەیدا بۆ ئیدارەی گەرمیان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بە ئامادەبوونی هەر یەکە لە جەلال شێخ نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان و بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری خانووبەرەی گەرمیان، لەگەڵ سەرۆک شارەوانییەکانی ئیدارەی گەرمیان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی بڕیاریدا لەسەر دابەشکردنی زیاتر لە ١٧ هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران و کەسوکاری شەهیدانی سنووری گەرمیان.
بەپێی بڕیارەکە لە کەلار ١١١٢٨ پارچە زەوی، لە کفری ٢٥٠٠ پارچە زەوی و لە رزگاریش ٢٥٠٠ پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت. جگە لەوەش ١٠٧٧ پارچە زەویش بەسەر کەسوکاری شەهیدان بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئینتیمای سیاسی و حیزبی دابەش دەکرێت.
بڕیارە هەر لە ئەمڕۆکەوە و لە دوای کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە فەرمانبەران و کەسوکاری شەهیدان دەست بە دابەشکردنی پارچە زەوییەکان بکرێت.