قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بۆردی وەبەرهێنانی ئیدارەی گەرمیان کۆبووەوە

کوردستان 05:09 PM - 2026/07/15

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران سەردانی ئیدارەی گەرمیانی کرد و لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا لەگەڵ بۆردی وەبەرهێنانی گەرمیان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە(15/7/2026) بەڕێوەچوو، هەڵسەنگاندن کرا بۆ چۆنییەتی جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی کۆبوونەوەکەی مانگی نیسانی ئەمساڵی بۆردی وەبەرهێنانی گەرمیان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی.
 جێگری سەرۆکوەزیران دەستخۆشی لە ئەندامانی بۆردەکە کرد کە خەمخۆرانە کاروبارەکان رادەپەڕێنن و داوایکرد بۆ گەشەپێدان و زیاتر ئاوەدانکردنەوەی گەرمیان زیاتر خۆیان ماندوو بکەن و جیاوازی لەنێوان ناوچەکانی گەرمیاندا نەکەن و بێ هیچ جۆرە جیاوازییەک لە هەر ناوچەیەک بەپێی تایبەتمەندیی ناوچەکە پڕۆژەی وەبەرهێنان جێبەجێ بکەن.  
قوباد تاڵەبانی پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ بۆردی وەبەرهێنانی ئیدارەی گەرمیان دووپات کردەوە. وتیشی هەموو ئەو فشارانەی لە رابردوودا کردوویەتی و ئێستاش دەیکات بەهۆی ئەو خۆشەویستییە زۆرەیەتی کە بۆ گەرمیان و گەرمیانییەکان هەیەتی و دەبێت لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری خەڵک و گەشەپێدانی دەڤەرەکە، ئەندامانی بۆردی وەبەرهێنان وەک یەک تیم پێکەوە کار بکەن و بۆ زیاترکردنی ئاستی وەبەرهێنان ئاسانکاری تەواو پێشکەشی وەبەرهێنەران بکەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو