تادێت ژمارەی ئەو زێڕ و پارانەی عەدنان جومەیلی بریكاری پێشووی وەزیری نەوتی عیراق لە سامانی گشتی بردوونی روو لە زیادبوون دەكەن، تائێستا 375 كیلۆ زێڕ دۆزراونەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێك كە دادوەری لێكۆڵینەوەی دادگای تاوانەكانی دەستەی دەستپاكی بڵاویكردووەتەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و بەسەرپەرشتی دادوەر فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەستبەسەر 358 كیلۆ زێڕدا گیرابوو، ئێستاش لە دۆسیەیەكی تری لێكۆڵینەوەدا دەست بەسەر 17 كیلۆگرام زێڕدا گیراوە، بەمەش كۆی گشتی ئەو زێڕەی دۆزراوەتەوە گەیشتۆتە 375 كیلۆگرام.
بەپێی راگەیەندراوەكە، ئەو زێڕەی دەستی بەسەردا گیراوە تەسلیمی بەڕێوەبەری گشتیی بەشی دەركردن و گەنجینەی بانكی ناوەندی و جێگرەكەی كراوەتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ تەواوكردنی لێكۆڵینەوەكان لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی بریكاری پێشووی وەزیری نەوت هەروەها بۆ وەرگرتنەوەی ئەو سەروەت و سامانانەی كە لەم تاوانە بەدەستیان هێناوە و سزادانی تاوانباران بەپێی یاسا.
دادگای دەستپاكی نەینەواش رایگەیاندووە، فەرمانی دادوەری بۆ دەستبەسەرداگرتنی نۆ موڵكی بازرگانی و سێ كارگەی ئاردی موسڵ دەرچووە، كە بەهای كۆی گشتییان نزیكەی 69 ملیار دیناری عیراقییە، ئەمە جگە لە حەوت بارهەڵگری گواستنەوەی مۆدێرن كە هەریەكەیان بەهای 200 هەزار دۆلارە. ئەم دەستبەسەرداگرتنانە پەیوەندییان بە دۆسیەی عەدنان جومەیلی بریكاری دەستبەسەركراوی وەزیری نەوت بۆ كاروباری پاڵاوتنەوە و هاوكارەكانی كە تۆمەتبارن بە سپیكردنەوەی پارە و گەندەڵی داراییەوە هەیە،دادگاكە ئاماژەی بەوەشكردووە، بەهای بازاڕی ئەو موڵكە بازرگانیانە، كە دەكەوێتە ناوەندی شارەوە، نزیكەی 45 ملیار دینارە، لەكاتێكدا كارگەكانی ئاردیش بە 24 ملیار دینارە.
روونیشی كردەوەـتۆمەتبارانی هەڵاتوو ئەم موڵكانەیان بە ناوی كارمەندەكانیان تۆمار كردووە بۆ شاردنەوەی بنەچەی نایاسایی خۆیان. دادگا ئاماژەی بەوەشكردووە، بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی بەرهەمهێنانی ئەم موڵكانە و قازانجی بەردەوامیان، پارێزەرانی دادوەری دەستنیشانكراون بۆ بەڕێوەبردن و پاراستنیان، دڵنیابوون لە بەردەوامی كاركردنیان و كۆكردنەوەی سەرجەم داهاتەكانیان.هاوكات، بەردەوامبوونی ڕێكارە یاساییەكان و بەدواداچوونی تۆمەتبارانی هەڵاتوو تا ئەو كاتەی كەیسەكان بە شێوەیەكی یەكلاكەرەوە یەكلایی دەكرێنەوە، وەك بەشێك لە زنجیرەیەك ڕێوشوێنی بەدواداچوونی سەروەت و سامانی گوماناوی و وشككردنەوەی سەرچاوەكانی قازانجی نایاسایی و پاراستنی سامانی گشتی .
لە 30ی ئایاردا، عەدنان جومەیلی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیركرا.لە دوای دەستگیركردنی، جومەیلی ناوی 128 كەسی دركاندووە كە گوایە لە دۆسیەكەیدا بەشدار بوون.