عەلی فالح زەیدی بە سەرۆكایەتیی وەفدێكی باڵای حكومی و ئابووری بەرەو واشنتۆن بەڕێكەوت

کوردستان 11:09 AM - 2026/07/13

 بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، عەلی فالح  زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە یەكەم گەشتی نێودەوڵەتی و دەرەوەی وەك سەرۆك وەزیرانی نوێی عیراق بەرەو واشنتۆنی پایتەختی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەرێكەوت. 

سەردانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ واشنتۆن، تەنیا گفتوگۆی دۆسیە سیاسییەكان لە كۆبوونەوە داخراوەكاندا لەخۆناگرێت، بەڵكو نەخشەڕێگەی هاوبەشی ئەمنی، ئابووری و وەبەرهێنان لەنێوان عیراق و ئەمریكا بۆ ساڵانی داهاتوو دیاری دەكات و  ئامادەكاری تەواو بۆ سەردانەكە كراوە، ئەو پشتیوانییەی لە عەلی فالح زەیدی دەكرێت لەلایەن ئەمریكاوە، پێشتر لە هیچ سەرۆك وەزیرانێكی تر عیراق نەكراوە. 

عەلی فالح زەیدی لە وتارێكیدا بۆ رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمریكی، تەئكیدی لەسەر دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێی هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریكا كردووەتەوە كە پشتبەستوو بێت بە وەبەرهێنان و پەرەپێدانی ئابووری، نەك تەنها بەڕێوەبردنی قەیرانەكان. زەیدی ئاماژەی بە پابەندبوونی حكومەتەكەی كردووە  بە سەروەریی یاسا و  داماڵینی چەك و گۆڕینی عیراق بۆ ناوەندێكی ئابووریی ناوچەیی لە رێگەی كاركردن لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان.

لەبارەی چاكسازیی ناوخۆیی و سەروەریی یاساشەوە زەیدی رایگەیاندووە، عیراق بە ساتەوەختێكی چارەنوسسازدا لە كاروانی چاكسازیی نیشتمانیدا تێدەپەڕێت كە كۆمەڵگە چاوەڕوانی دەكات. ئەولەویەتی كاری حكومەت بونیادنانی دەوڵەتێكە كە هەموو عیراقییەكان شانازی پێوە بكەن. راشیگەیاندووە، لە ماوەی كەمتر لە 60 رۆژدا، حكومەتەكەی پێشكەوتنی بەدەستهێناوە لە داماڵینی چەكی گرووپە چەكدارەكان و دەرگای بۆ تێكەڵكردنیان بە دامەزراوەكانی دەوڵەت كردووەتەوە.

لەبارەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەمریكا و كۆتاییهاتنی ئەركی هاوپەیمانان، عەلی زەیدی  بە واشنتۆن پۆستی راگەیاندووە،  بەڵێنێكی پتەوی بە گەلی عیراق داوە كە رۆژی 30 ی ئەیلوول (كە هاوكاتە لەگەڵ كۆتاییهاتنی ئەركی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عیراق) ببێتە سەرەتای قۆناغێكی نوێ لە هاوبەشیی ئامانجدار لەگەڵ ئەمریكا.

راشیگەیاندووە، سەردانەكەی بۆ واشنتۆن قوڵكردنەوەی هاوبەشییە بە شێوازێكی راستەقینە، دەیەوێت پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات لە قۆناغی بەڕێوەبردنی قەیرانەكانەوە بگوازێتەوە بۆ قۆناغی رەخساندنی دەرفەتەكان. زەیدی لە وتارەكەیدا وتوویەتی، لەمیانی دیدارەكەیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا، رێگای كرداری بۆ بەدیهێنانی دیدگای هاوبەشی و دەرفەتە هاوبەشەكان دەخاتەڕوو. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو